کورد بە چەند لیست و هاوپەیمانیەتییەک بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات

هەڵبژاردن لە عێراق - وێنە: ئەرشیف
هەڵبژاردن لە عێراق - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

دوای ئاشکراکردنی ژمارەی لیستی پارت و هاوپەیمانیەتی و کاندیدانی سەربەخۆ بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، لایەنە کوردستانییەکان بە چەند لیست و هاوپەیمانییەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین و بەغدا بەشداری دەکەن.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا، پرۆسەی تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی پارت و هاوپەیمانیەتی و کاندیدانی سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامدا، کە وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە 15 پارێزگای عێراق بە کەرکووک و نەینەواوە بەڕێوەبچێت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق، 134 لیست بەشداری دەکەن، کە لەنێوانیاندا 39 هاوپەیمانی 29 پارت و 66 کاندیدیش بەشێوەی سەربەخۆ هەن.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، کۆی گشتی کاندیدان کە کێبڕکێ دەکەن لەسەر 275 کورسی لە 15 ئەنجوومەنی پارێزگا کە  75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان، زیاتر لە شەش هەزار کاندیدن.

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

پارتی 100 کاندیدی هەیە و لیستەکەشی ژمارە 197ـە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات و لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیشەوە ژمارە (197)ـی بۆ دیاریکرا کەو تیروپشکەی رۆژی شەممە لە بەغدا ئەنجامدرا.

لیستی ژمارەی 197ـی پارتی لە کەرکووک، لە 30 کەسایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کەرکووک پێکهاتووە و لە پارێزگای نەینەواش 54 کاندید و لە پارێزگای دیالەش 14 کاندیدی هەیە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش لە بەغدا و سەڵاحەددین، پارتی کاندیدی هەیە و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا چووەتە هاوپەیمانییەوە، لە بەغدا لەگەڵ حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان پێکەوە بەشداری دەکەن و تاوەکو ئێستاش پارتی بۆ پارێزگای سەڵاحەددین بە فەرمی کاندیدی خۆی ئاشکرا نەکردووە لە کامە هاوپەیمانییە.

یەکێتی تەنیا لە دیالە لیستی خۆی هەیە و ژمارەکەی 120ـە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین کاندیدی هەیە و تەنیا لە دیالە لیستی خۆی هەیە و لە پارێزگاکانی دیکەش هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئەنجامداوە.

لە پارێزگای کەرکووک، یەکێتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیەتی " کەرکووک هێز و ئیراده‌مانه‌"ـی پێکهێناوە و ژمارەکەی 142ـە و لیستەکەیان لە 30 کاندیدی هەردوو حزبەکە پێکهاتووە.

هەروەها لە پارێزگای نەینەوا، یەکێتی لە چوارچێوەی هاوپەیانی یەکێتی خەڵکی نەینەوا بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات کە لەگەڵ حزبی رەفعە پێکیانهێناوە و ژمارەکەی 134ـەوە. لە پارێزگای سەڵاحەددینیش لە هاوپەیمانی جەماوەری نیشتمانی بەشدار کە ژمارەکەی 226ـە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تەنیا لە پارێزگای دیالە بە ناو و لۆگۆی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات و ژمارەکەشی وەک ئەوەی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆی دیاریکراوە، ژمارە 120ـە.

یەکگرتوو و کۆمەڵ لە کەرکووک ژمارەیان 163ـیە

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە پارێزگای کەرکووک هاوپەیمانیەتی "مەشخەڵی کەرکووک"ـیان پێکهێناوە و لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ژمارە 163ـیان بۆ دیاریکراوە.

یەکگرتوو و کۆمەڵ تەنیا لە پارێزگای کەرکووک بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە و لیستەکەیان لە 30 کاندید پێکهاتووە.

سۆشیال دیموکرات و نەوەی نوێش لیستیان هەیە

بەگوێرەی لیستی راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ژمارەی لیستی هاوپەیمانیەتی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان، حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 و نەوەی نوێش بە ژمارە 167، لیستیان هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن.

ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، بەم شێوەیە دابەشکراوە:

پارێزگای ئەنبار (16 کورسی کە چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای بەسرە (22 کورسی کە شەشیان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای دیوانییە (14 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای مووسەننا (12 کورسی و سێیان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای نەجەف (15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای بابل (18 کورسی و پێنجیان کۆتای ئافرەتانە)

بەغدای پایتەخت (49 کورسی و 13 کورسییان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای دیالە (15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای زیقار (18 کورسی و پێنجیان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای سەڵاحەددین (15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای کەربەلا (13 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای کەرکووک 15 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای میسان (13 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای نەینەوا (26 کورسی و حەوتیان کۆتای ئافرەتانە)

پارێزگای واست (14 کورسی و چواریان کۆتای ئافرەتانە)

کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

هاوپەیمانیەتییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو هاوپەیمانیەتییانەی لە گشت پارێزگاکان بەشداری دەکەن رایگەیاندووە، هاوپه‌یمانی ئیتیلافی نیشتمانی، هاوپه‌یمانی حه‌سمی نیشتمانی، هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی، هاوپه‌یمانی سه‌رۆكایه‌تی و هاوپه‌یمانی مه‌دار (جگەلە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە) لە هەموو پارێزگاکان لیستیان دەبێت.

گەورەترین هاوپەیمانییەکانیش بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (12 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی بەها مەدەنییەکان (10 پارتی سیاسی)، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی هێزە مەدەنییەکان (9 پارتی سیاسی) و هاوپەیمانی تورکمانی عێراق (9 پارتی سیاسی).

ژمارەی بەشداریکردنی هاوپەیمانیەتییەکانیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان، زۆرترین بەشداری لە بەغدایە (18 هاوپه‌یمانی)، دوای ئەویش پارێزگای ئەنبار دێت بە (17 هاوپەیمانی) و پارێزگاکانی بەسرە، نەینەوا و کەرکووکیش لە پلەی سێیەم دێن بە (16 هاوپەیمانی) بۆ هەر یەکێکیان.

هەروەها لە پارێزگای واست (15 هاوپه‌یمانی) بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن و لە بابل، کەربەلا و مووسەننا (14 هاوپەیمانی بۆ هەر یەکێکیان و لە زیقار و دیوانییە (13 هاوپەیمانی) لە هەر پارێزگایەکیان و لە نەجەف و دیالە (11 هاوپه‌یمانی) لە هەر یەکێکیان و لە پارێزگاکانی میسان و سەڵاحەددینیش (10 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەک، کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.