ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر پێشنیازی ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر پێشنیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە 14/9/2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە.

شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیازی کردووە لە مانگەکانی (7 بۆ 12ـی ئەمساڵ) حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. هەروەها پێشنیازی هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی یاسای بودجە تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا مادده‌كانی 12 و 13.

لە کۆتایی سەردانەکەشدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لەبارەی‌ سه‌ردانی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مڕۆیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

دوای کۆبوونەوە و دیدارەکانیان لە بەغدا، مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سەردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

راشیگەیاند، دوو پێشنیازیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ یه‌كێكیان درێژخایه‌نه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان كورتخایه‌نه‌، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. روونیشیكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ر یان پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت.

هەر لەبارەی گفتوگۆکانیان لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆکانی زۆر راشکاوانە، جددی و ئەرێنی بوون، خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش مووچەخۆران دڵنیا دەکەینەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە درێغی ناکەین.