کۆرۆنا یەخەی جیهان دەگرێتەوە

K24 – هەولێر

گۆڕاوێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێک تۆمارکراوە و بە خێرایەکی زۆر بڵاودەبێتەوە.

کۆرۆنای نوێ بەناوی (BA.2.86) لە مانگی ئابی 2023 لە بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە بڵاوبووەتەوە و ئامارەکان لە هەڵکشانن.

دلۆڤان عیمادەدین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکان لە ماوەی 9 رۆژدا نزیکەی 10 هەزار کەس لە بەریتانیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوونە، رەنگە ژمارەکە زیاتر بێت، بەڵام ئێستا خەڵک پشکنینی کۆرۆنا ناکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی ئێستا لە بەریتانیا تووشی کۆرۆنا دەبن، بەهۆی دروستکردنی بەرگری لەشیان زۆر هەستی پێناکەن، جگە لەوانەی تەندروستیان ناجێگیر دەبێت پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەوانی دیکە ناکرێت.

راشیگەیاند، پزیشک و شارەزایانی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەریتانیا داوا دەکەن بۆ خۆپاراستن جارێکی دیکە خەڵک ماسک ببەستن، هەروەها دەستکراوە بە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەنفلۆنزای ئاسایی، لەگەڵ ئەوەشدا ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کارمەندانی تەندروستی و مامۆستایان و ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرووی 65 ساڵە بەکاردەهێنرێت.

رۆژی 6ـی ئه‌یلوولی 2023 رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی گۆڕدراو كه‌ ناوه‌ زانستییه‌كه‌ی "BA.2.86"ـیه‌، بە خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌ و مه‌ترسیداره‌.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس تاکو ئێستا لە سەرانسەری جهیاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسانی رێکخراوەکە پێیانوایە نزیکەی 20 ملیۆن كه‌س به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.