هەزاران هاووڵاتی چیک دژی حکومەت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی چیک
خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی چیک

K24 - هەولێر

هەزاران کەس لە شاری پراگ، دژی حکومەتی چیک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، کە حکومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن، زیاتر گرنگی بە ئۆکرانیا دەدات لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی.

پارتی "پڕۆ" لە چیک کە نوێنەرایەتی لە پەرلەمان نییە، ناڕەزایەتییەکەی رێکخستووە، بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی بەشداربووان گەیشتووەتە زیاتر لە 100 هەزار کەس، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی چیک ژمارەکەی خۆپیشاندەرانی بە نزیکەیی 10 هەزارکەس خەمڵاندووە.

خۆپیشاندەران ئاڵای چیکیان هەڵکرد و داوایان لە حکوومەتی پیتەر فیالا سەرۆک وەزیرانی راستڕەو کرد دەستلەکاربکێشێتەوە، هەروەها سستبوونی ئابووری ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپایان ئیدانە کرد.

ماوەی ساڵێکە ئابووری چیک بەدەست داکشانەوە دەناڵێنێت، هاوکات هەڵاوسان بە هێواشی دابەزینی تۆمارکردووە لە ئاستێکی پێوانەیی کە لە مانگی ئەیلوولی 2022دا، گەیشتە لوتکە لە %18 بوو.

خۆپیشاندەران هانا سمۆلیکۆڤا لە گۆڕەپانی وێنسێلاس لە ناوەڕاستی پراگ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "من لێرەم بۆ منداڵان، چونکە ئەمە پەیوەندی بە داهاتوومانەوە هەیە، لە داهاتوو دەترسم"، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی هەموو شتێک، خۆپیشاندەرێکی دیکە بەناوی پاڤێل هوسێک، گوتی: "حکومەت دەبێت واز لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا بهێنێت و دەست بکات بە گرنگیدان بە هاوڵاتیانی خۆی".

حکوومەتی هاوپەیمانی پێنج قۆڵی فیالا، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا لە مانگی شوباتی 2022، هاوکارییەکی بەرچاوی مرۆیی و سەربازیی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.

پۆلیسی پراگ رایگەیاند، لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا کەسێکیان دەستگیرکردووە کە لۆگۆی گروپی سەربازی رووسی ڤاگنەری لەبەردا بووە.

.