هێلیکۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە لە ئیزمیر کەوتەخوارەوە

هێلیکۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە  (وێنە: AA)
هێلیکۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە (وێنە: AA)

K24 - هەولێر

لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرێکی دارستانەکانی قەزای مەندەرەس لە پارێزگای ئیزمیر، هێلیکۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە کەوتە خوارەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرێکی دارستانەکانی قەزای مەندەرەس لە پارێزگای ئیزمیر، پەیوەندییان لەگەڵ هێلیکۆپتەرێکی ئاگرکوژێنەوە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دارستانی پارێزگاکە بووە، پچڕاوە و دوایی بۆیان دەرکەوتووە لە بەنداوێکی ناوچەکەدا کەوتووەتە خوارەوە.

بە پێی ئەو پەیامەی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، هێلیکۆپتەرەکە چوار کەسی تێدا بووە و یەکێکیان ڕزگاری بووە و گەڕان بە دوای سێ کەسەکەی دیکە بەردەوامە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەوڵی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی دارستانی ئیزمیر و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانییەکانی دەوروبەری پارێزگاکە بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بەردەوامە کە ماوەی چەند رۆژێکە بە هۆکارێکی نادیار لە دارستانی ناوچەی ئیبراهیم ئاغا کەوتووەتەوە.