کارەساتە سرووشتییەکانی ئەمساڵ و گۆڕانی کەشوهەوا زیانێکی زۆری بە وڵاتان گەیاندووە

بومەلەرزەی مەغریب
بومەلەرزەی مەغریب

K24 - هەولێر

ئەمساڵ تەواوی دانیشتوانی زەوی لە وەرزی هاویندا بەرکەوتەی کەشوهەواییەکی زۆر گەرم بوونەوە، ئەمەش بە پێی لێکۆڵینەوەکان ئەگەری گەرمبوونی زەوی دوو هێندە زیادی کردووە، ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی رووداوە سەختەکانی کەشوهەوا کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان هەبووە، سەرەتا بە لافاوێکی وێرانکەر لە هیندستان و ژاپۆن و لیبیا دەستی پێکرد، لە رێگەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانە گەورەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و بە زریانی گەرمی بێ وێنە کۆتایی هات لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا و نیوزلەندا و بەرازیل.

ماوەیەکی زۆرە زانایانی کەشوهەوا هۆشداری دەدەن، کە پیشبینی شەپۆلێکی گەرمای بەهێز و زریانی کتوپڕ دەکرێت. شکاندنی ژمارەی پێوانەیی ئەم هاوینە دەرئەنجامێکی روونە لە گەرمبوونی کەشوهەوا.

لەگەڵ هەر پلەیەکی سەدی کە پلەی گەرمی بەرگەهەوای زەوی بەرز دەبێتەوە، رێژەی هەڵمی ئاو لە بەرگەهەوادا نزیکەی لەسەدا 1 بۆ 7 زیاد دەکات.

​ نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 کۆمەڵێک کارەساتی گەورەی کەشوهەوا روویدا، کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە وڵاتانی نیوەگۆی باکوور و باشوور هەبوو، زیاتر لە شوێنێک پلەکانی گەرما و بارانبارین گەیشتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی و لە ئەنجامدا ئاگری گەورەو و لافاوێکی بەهێز و توانەوەی سەهۆڵەکانی لێکەوتەوە.

 وەک کارەساتی بوومەلەرزەکەی مەغریب و لافاوەکانی لیبیا کە هەزاران کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە بەهەزارانیش بێسەروشوێنن.

راپۆرتی شەشەمی هەڵسەنگاندن کە لەلایەن حکومەتی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی کەشو هەوا، دەردەچێت رایگەیاند،  زیادبوون و چڕی بارانبارینی بەخوڕ لەسەر زۆربەی ناوچە وشکانییەکان پەیوەندی بە چالاکییەکانی مرۆڤەوە هەیە کە دەبێتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا، راپۆرتەکە پێشبینی دەکات لەگەڵ زیادبوونی گەرما باران بارین زۆرتر و چڕتر بێت.

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7 پلەی رێختەر لە مەغریب دا روویدا، بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی سێ هەزار کەسی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار و 500 کەسیش برینداربوون، ئەم بوومەلەرزەیە بە بەهێزترین بوومەلەرزە لە مەغریب دادەنرێت لەدوای بومەلەرزەکەی ساڵی 1960ەوە، هەروەها لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، بوومەلەرزەیەک تورکیا و سوریای گرتەوە و زیاتر لە 50 هەزار قوربانی لێکەوتەوە، هەروەها زیاتر لە 25 ملیۆن کەسیش زیانیان بەرکەوت.

لافاوەکەی هۆنگ کۆنگ
لافاوەکەی هۆنگ کۆنگ

سەبارەت بە لیبیا، کارەساتێکی هاوشێوە روویدا، بەو پێیەی پاش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، زریانی "دانیال" گەیشتە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا و شاری بەنغازی و سیرین و ئەلمەرج، ئەلبەیدە، سۆسێ و دەرەنەی گرتەوە، دواتر دوو بەنداوی سەرەکی لەسەر رووباری بچووکی وادی دەرەنە داڕما و بەهۆیەوە لافاوێکی گەورە دروسبوو، بووە هۆی وێرانکردنی باڵەخانە و گیان لەدەستدانی سەدان کەس.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، سێ هەزار و 800 کەسی تێپەڕاندووە، ئەمە جگە لە هەزاران کەس کە بێسەروشوێن بوونە.

هەروەها لە7ـی ئابدا، پایتەختی چین بارانبارینی بەخوڕی بەخۆیەوە بینی کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 33 کەس و 18 ـی دیکەش بێسەرو شوێن بوون، هەروەها زیاتر لە 200 هەزار ماڵ زیانییان بەرکەوت.

لە 10ـی 1ـی  ئەمساڵ، پلەکانی گەرما لە ئەفغانستان گەیشتە 33 پلە ژێر سفر و زیاتر لە 160 کەس  گیانیان لەدەستدا، هەروەها زریانی مۆچا کە لە مانگی ئایاردا میانماری گرتەوە و نزیکەی 500 کەسی کوشت و نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار زیانی لێکەوتەوە.

هەروەها زریانی پیبارگۆی لە ماوەی مانگی حوزەیران زیاتر لە 12 کەسی لە هیندستان کوشت. هەر لەو مانگەدا وڵات تووشی شەپۆلێکی گەرمای سەخت بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 170 کەس. دواتر لافاوێکی بەهێز لە هیندستان روویدا و تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەو گۆڤارانەی لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەرچوون، تیشکیان خستە سەر ئەو بارودۆخە توندەی کەشوهەوا کە کاریگەری لەسەر جیهان هەبووە و بەستراوەتەوە بە گۆڕانی کەشوهەوا. گۆڤاری زانست زنجیرەیەک بابەتی بۆ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان تەرخان کرد، بەتایبەتی لە هاوایی.