شارەزایان پێشبینی نەمانی گەورەترین سەهۆڵبەندانی ئیتاڵیا دەکەن

K24 - هەولێر

رووباری ئادامێلۆ سەهۆڵبەندان کە گەورەترینە لە جۆری خۆیدا، لە بەرزاییەکانی چیای ئاڵپ لە ئیتاڵیا، بە هۆی گەرمبوونی کەشوهەوا هێواش هێواش دەتوێتەوە، کە شارەزایان پێشبینیان کردووە لە ماوەی کەمتر لە سەدەیەکدا نەمێنێت.

کریستیان فێراری، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیدار بە سەهۆڵبەندان لە کۆمەڵەی "ترایدنتاین ئەلبینیستیس سوسایتی" دەڵێت: "سەهۆڵبەندانەکە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئەمڕۆ نزیکەی 2.7 کیلۆمەتری لەدەست داوە".

فێراری گوتیشی: "لە پێنج ساڵی رابردوودا تێکڕای لەدەستدانی رووبەری رووبارەکە 15 مەتر بووە لە ساڵێکدا، بەڵام تەنها لە ساڵی رابردوودا 2022دا، رووبارەکە 139 مەتری لەدەستداوە".

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەموو هاوینێک، کۆمەڵەی ژینگەپارێزی ئیتاڵی (Legambiente) گەشتێکی بەناو بەرزاییەکانی ئالپدا ئەنجامداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سەهۆڵبەندانەکان.

هاوشێوەی سەهۆڵبەندانەکانی دیکەی بەرزاییەکانی چیای ئاڵپ، رووباری ئادامێلۆ بەدەست کەمبوونەوەی رێژەی بەفربارینەوە دەناڵێنێت کە لەسەدا 50ـی کەمکردووە.

رووبارەکە شوێنەواری مێژووی زنجیرە چیاکانی دەرکەوتووە، کە مەیدانی شەڕێکی سەخت بووە لە نێوان سەربازانی ئیتاڵیا و نەمسا و هەنگاریا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا.

بەهۆی توانەوەی سەهۆڵەکەوە، ئێستا ئەو تفەنگ و سندوقە فیشەکانەی کە لەو سەردەمەدا بەکاردەهێنران، بەدیارکەوتوون.

مارکۆ جیاردینۆ، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی سەهۆڵبەندانەکانی ئیتاڵیا و مامۆستای زانکۆی تۆرین دەڵێت: "ئێمە بەدواداچوون بۆ شوێنەواری رابردوو دەکەین، شوێنەواری ئێستا دەبینین، وە تێدەگەین کە رەوتەکە ئەرێنی نییە، چونکە ئەو بارستەی کە ئەمڕۆ دەبینین کەوتنە خوارەوەی ئەم بەشەی سەهۆڵبەندانەکەیە".

ڤاندا بۆناریو، بەرپرس لە بەرزاییەکانی چیای ئاڵپ دەڵێت: "ساڵی رابردوو ویستمان سەردانی ئەو سەهۆڵبەندانە بکەینەوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر بینیمان، ئەو گۆڕانکارییەی تێبینیمان کرد زۆر روون بوون".

پانێڵی نێوان حکومەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکات، کە پلەکانی گەرما لەم بەشەی بەرزاییەکانی چیای ئاڵپ لە ساڵی 2050، لە نێوان یەک بۆ سێ پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە، هەروەها لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا لە نێوان سێ بۆ شەش پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە.

بەم خێراییە رەنگە سەهۆڵبەندی ئادامیلۆ پێش کۆتایی ئەم سەدەیە نەمێنێت.