وەزارەتی دارایی: 700 ملیار دینارەکە بۆ مووچەی مانگی حەوت تەرخاندەکرێت

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە رایگەیاند، ئەو 700 ملیار دینارەی کە وابڕیارە حکومەتی فیدراڵی وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، بۆ مووچەی مانگی تەمموز تەرخاندەکرێت.

رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023) لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "سەبارەت بەو 700 ملیار دینارەی کە بڕیارە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی تەمووز تەرخاندەکرێت".

نووسینگه‌ی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ‌له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پاره‌ی پێویست بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ (17ـی ئه‌یلوولی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا مانگانە 700 ملیار دینار بۆ ماوەی سێ مانگ (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

هاوکات شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سبەی دووشەممە له‌ رێگه‌ی ئه‌مینداریه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقەوە، نووسراو بۆ لقه‌كانی بانكی ره‌شید و رافیده‌ین له‌ هه‌ولێر ده‌كرێت و دواتر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یە بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌و دوو بانكه‌ دابین ده‌كرێت.

هەروەها رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە و باسی لەوەشکرد، پارەکەی بەغدا مانگانە رەوانە دەکرێت بۆیە مانگانە مووچە دابەشدەکرێت دوای تەواوکردنی بڕی کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ.