وەزیری دارایی: بەپێی ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێم لە بودجەی بۆ سەدا پێنج کەمکراوەتەوە

وەزیری دارایی و کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر
وەزیری دارایی و کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، بەپێی ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی لە 5% کەمترە.

رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی، ئاوات جەناب نووری، کورتەیەکی لەسەر دەرئەنجامی سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا خستەڕوو، رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران بووە و دابەشکردنی هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق لە کاتی خۆیدا، جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، زۆربەی هێزە سیاسیەکانی عێراق هاوڕابوون کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، تێکەڵ بە کێشەی سیاسی نەکرێت ئەوەش بە هەموارکردنەوەی بەشێک لەبڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە دەکرێت و دەرکردنی مووچە لە خەرجی فیعلی مانگانە.

لەلایەن خۆشیەوە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا رایگەیاندووە، هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ تا پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر بنەمای دەستوور هەبێت و جەختیشی کردەوە یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کورد گرێنتی پاراستی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکانیەتی.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئاوات جەناب نووری رایگەیاند، لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا، حکومەتی فیدراڵی بەدوو پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات و لە بابەتی خەرجیدا، خەرجییەکانی هەرێم لەگەڵ خەرجی پانزە پارێزگاکەی عێراق هەژمار ناکات و لە بابەتی داهاتی نانەوتیشدا کار بەیاسای ئیدارەدانی دارایی ناکات کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوە و دەبێت لە نیوەی داهاتەکە بۆ هەرێم بێت بەڵام داوای لە هەموو داهاتەکە دەکەن، هاوکات بە پێی ئینفاقی فیعلیش پشکی هەرێم ئەوەندە کەمکراوەتەوە کە لە 5% تێپەڕناکات.