لە پایتەختی ئوردن دیداری ئایندەی میدیا و گەیاندن بەڕێوەدەچێت

دوو نێردراوی کوردستان24 لە دیدارەکەدا ئامادەییان هەیە

K24 – هەولێر:

بە سەرپەرشتی (سەنتەری پارێزگاری ئازادییەکانی رۆژنامەگەری) لە عەممانی پایتەختی ئوردن، دیداری ئایندەی میدیا و گەیاندن بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

دیداری ئایندەی میدیا و گەیاندن ئەمڕۆ لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن دەستی بەکارەکانی کرد و تا رۆژی 19ـی ئەیلوولی 2023 بەردەوام دەبێت.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، وەکو هاوبەشێکی ستراتیژی (سەنتەری پارێزگاری ئازادییەکانی رۆژنامەگەری) بە شاندێک بەشدارە، کە پێکهاتوون لە نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان ئازاد حەمەدەمین، بە یاوەری خۆشناف جەمیل و ئەکەد موراد، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا و، هەروەها سامان حسێن و هەژان هادی، دوو نێردراوی کوردستان24ن.

دیدارەکە پرۆگرامێکی سێ رۆژەی پڕ دیبەیت و چالاکی هەیە، کە تێیدا رۆژنامەنووسان لە ناوەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، بەرپرسیارێتی و ئایندەی سۆشیالمیدیا و پەیوەندی بە رۆژنامەگەریی پیشەیی تاووتوێ دەکەن.

لە دیدارەکەدا نوێنەری پلاتفۆڕمەکانی وەکو فه‌یسبووک و تویتەر و ئەکادیمیستانی پسپۆر لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان و میدیا، راو بۆچوونەکانی خۆیان دەخەنەڕوو.

میدیاکارانی کوردستان لە دوو پانێڵی سەرەکی دیدارەکە بەشداری دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە پانێڵی (ئاڵنگارییەکانی بەردەم ماف و ناوەرۆک لە میدیا) کە ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسان تێیدا بەشدارە، لە پانێڵی دووەمیشدا هەژان هادی بەشدارە.

پانێڵی دووەمی دیدارەکە  باس لەوە دەکات، ئایا رۆژنامەنووسی پیشەگەر و کەسایەتییەکی دیاری نێو سۆشیالمیدیا رۆڵەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە یاخوود لە رکابەریدان لەسەر بەدەستهێنانی جەماوەر.

چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی دیدارەکەدا بۆندی هاوبەش و لێکتێگەیشتن واژوو بکرێت بۆ بەردەوامبوونی دیداری دیکە سەبارەت بەو بوارە.