ئۆکرانیا داوای 43 ملیار دۆلار لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات

کیێڤ
کیێڤ

K24 - هەولێر

بۆ چارەسەکردنی کورتهێنانی بودجەکەی لە ساڵی داهاتوودا، ئۆکرانیا داوای 43 ملیار دۆلار لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.

رۆکسولانا بیدلاسا سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورتهێنان لە بودجەی ساڵی داهاتوو، ئۆکرانیا چاوی لەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا بە بەهای 43 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ بنێرن.

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ئۆکرانیا راشیگەیاند، هەموو بوارەکانی جگە لە جەنگ لەوانەش، بنیاتنانەوە، خوێندن و خەرجی مەدەنی رووبەڕوو کورتهێنانی بودجە بوونەتەوە، هەر بۆیە چاویان لەوەیە سەرجەم ئەو کورتهێنانانە لەلایەن دەوڵەتە هاوپەیمانەکانییانەوە لەرێگەی قەرز و هاوکارییەوە پڕبکرێنەوە.

لە ماوەی هەشت مانگ و نیوی سەرەتای ئەمساڵدا، هەر یەکە لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و گرووپی حەوت و یەکێتی ئەوروپا بە بەهای 30 ملیار دۆلار هاوکاری نا سەربازییان رەوانەی ئۆکرانیا کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022ـەوە لەگەڵ رووسیا لە جەنگ دایە، ئەمەش نەک هەر کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ئابووری وڵاتەکە، بەڵکو قەیرانێکی ئابووری لە هەموو جیهان دروستکردووە.