سوودانی بەغدای بەرەو نیویۆرک بەجێهێشت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق(وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق)
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق(وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق)

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدای بەجێهێشت و بەرەو ئەمەریکا بەڕێکەوت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدای پایتەختی بەجێهێشت و بەرەو شاری نیویۆرکی ئەمەریکا بەڕێکەوت.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، سوودانی بۆ بەشداریکردن لە 78ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چووەتە نیویۆرک.

بڕیارە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتاری ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکێش بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی شەممە، 16ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، شاندی عێراق بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت.

کۆبوونەوە، گوتار و چالاکییەکانی دیکەی ئەمساڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 18 تاوەکو 26ی مانگی ئەیلوول دەبن.