دۆناڵد ترەمپ: لە زیندانیکردن ناترسم چونکە هەست دەکەم لە کۆتاییدا سەردەکەوم

K24 - هەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دیارترین کاندیدی کۆمارییەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ ساڵی 2024، رایگەیاند، ئەگەر بۆ خولی دووەم بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، لەخۆی خۆش نابێت.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "ئێن بی سی" رایگەیاند، دەکرا پێش ئەوەی لە ساڵی 2021 کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت، خۆی لەو تۆمەتە درۆینانە بپارێزێت کە لەلایەن ئیدارەی جۆو بایدنەوە دەستیپێکردووە، هەروەها رەتیکردەوە ئەم هەنگاوە بنێت ئەگەر بۆ جاری دووەم بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرایەوە، گوتیشی، "دوا شت کە بیکەم ئەوەیە لەخۆم نابوورم، چونکە ئەوە وا دەکات ترسناک دەربکەوم".

ترەمپ ئاماژەی بە دۆسیە یاساییەکانی بەدواداچوونی هانتەر بایدن کوڕی سەرۆکی ئەمەریکا کرد، بۆ ئەوەی رەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری بگرێت و رایگەیاند کە "دوو سیستەمی دادپەروەری هەیە". یەکێکیان بەدوایدا دەگەڕێت، ئەوی دیکەیان لە بەرژەوەندی بایدندایە، دەشڵێت: هیچ پەیوەندییەکی بە هەوڵەکانی کۆمارییەکانەوە نییە بۆ لێکۆڵینەوە لە بایدن، هەروەها رەتیشیکردەوە لەگەڵ کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بەم بابەتە قسەی کردبێت.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باسی لە پێگەی باڵادەستی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا کرد و رەتیکردەوە فەرمانی بە کارمەندەکانی لە هاوینەهەواری مار ئالارگۆ کردبێت تۆمارە چاودێرییەکان سەبارەت بە گواستنەوەی کەسانی نهێنی بسڕنەوە.

 پرسیاری لەسەر سەیرکردنی ئاژاوەگێڕییەکانی کاپیتوڵ لێکرا لە وەڵامدا گوتی: "دواتر لە کاتی گونجاودا بە خەڵک دەڵێم". هەروەها رەتیکردەوە باس لەبەسەربردنی کاتەکانی بکات لە کاتی رووداوەکانی کاپیتۆڵدا، و ئاماژەی بەوەدا، رەنگە بیر لە لێخۆشبوونی هەندێک لە ئاژاوەگێڕەکان بکاتەوە کە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەو نانسی پیلۆسی بە هۆکاری هێرشکردنە سەر بینای کاپیتوڵ تاوانبار کرد.

لەچاوپێکەوتنەکدا کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ترسی ئەوەی هەیە سزا بدرێت و زیندانیبکرێت گوتی: "نا من بەڕاستی لەوە ناترسم"، بیر لەوە ناکەمەوە  چونکە بەڕاستی هەست دەکەم لە کۆتاییدا سەردەکەوین.