وەزیری دەرەوەی چین سەردانی رووسیا دەکات

K24 - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ماو نینگ، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە رۆژی 18 تا 21ـی ئەیلوول سەردانی رووسیا دەکات بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئەمنی.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی چین، وانگ یی، لەسەر بانگهێشتی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا نیکۆلای پاتروشێڤ، لە ماوەی 18 تا 21ـی ئەیلوولدا سەردانی رووسیا دەکات".
وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەردانە بۆ ئەنجامدانی 18ەمین خولی راوێژکارییە ئەمنییە ستراتیژییەکانی نێوان چین و رووسیایە.
پێشتر گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، رایگەیاندبوو، وەزیری دەرەوەی چین لە 18ـی ئەیلوول سەردانی رووسیا دەکات و دانوستان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەنجام دەدات.