ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێران ژمارەیەک پسپۆڕانمانی دەرکردووە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی

K24 - هەولێر

سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایدەگەیەنێت، ئێران ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئەو ئاژانسەی لە وڵاتەکەی دەرکردووە و مۆڵەتی کارکردنیانی نوێ نەکردووەتەوە. لە بەرانبەریشدا تاران هۆکاری ئەم بریاڕە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەگەڕێنێتەوە.

ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جارێکی دیکە خەریکە قووڵ دەبنەوە؛ لە کاتێکدا هێشتا کێشەیەکی نێوانیان چارەسەر نەبووە، کێشەیەکی دیکە سەرهەڵدەدات.

 ڕافائێل گرۆسی، سکرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی چالاکیی ژمارەیەک لە چاوەدێرانی ئەو ئاژانسەی نوێ نەکردووەتەوە و لەو وڵاتە دەریکردوون.

ڕافائێل گرۆسی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەم کارەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە توندی سەرکۆنە کرد و جەختی کردەوە، ئەو چاوەدێرانەی مۆڵەتەکەیان نوێ نەکراوەتەوە، لە شارەزاترین پسپۆڕەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بوون و زانستێکی بێ وێنەیان لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆمدا هەیە و ماوەیەکی زۆر بوو لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا خەریکی چاودێری بوون.

 گڕۆسی، ئەم بڕیارەی ئێران بە "ناپرۆفیشناڵ، تاکلایەنە و چاوەڕواننەکراو" زانیوە و جەختی کردووەتەوە، بڕیارەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر توانایی چاوەدێرییەکانی ئاژانس و راستی نواندنی ئاژانس لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبێت.

لە بەرانبەردا ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هۆکاری دەرکردنی ئەو پسپۆڕانەی لە ئێران گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپیی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی هەوڵ دەدەن لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و کۆبوونەوەی لووتکەی ئاژانس بۆ قازانج و بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان کەڵک وەربگرن".

کەنعانی باسی لەوەش کرد، بڕیارەکەی ئێران "بڕیارێکی یاسایی و بە گوێەی مافی سەروەریی ئێرانە" کە لە ماددەی نوێی ڕێککەوتننامەی چاوەدێری لە نێوان ئێران و ئاژانسدا ئاماژەی پێ کراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی ئەندام لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی و هەروەها وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکەی جیهان بەهۆی هاوکارینەکردنی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ڕەخنەیان لەم وڵاتە گرتبوو و هۆشدارییان دابوو ئەگەر ئێران لە هاوکارینەکردنی بەردەوام بێت ئەوا بڕیارنامەی ئەنجوومەنی لوتکەی ئاژانس لە دژی ئێران پەسند دەکەن.