وەزیری تەندروستی: هیچ حاڵەتێکی مردن بە کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە
K24 - هەولێر
وەزیری تەندروستی رایدەگەیەنێت، ژمارەی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لەناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 30 کەس، بەڵام هیچ حاڵەتێکی مردن بەو نەخۆشییەوە تۆمارنەکراوە. ئاماژە بەوەش دەدات، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێک لەبارەی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دەخەنەڕوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، تا ئەمڕۆ 214 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، "بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هیچ حاڵەتێکی مردن بە کۆلێرامان تۆمارنەکردووە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئەگەر تووشی سکچوون بوون و زانییان پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی هەیە، بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری وەربگرن.
بە گوتەی د. سامان بەرزنجی، سەدا 20ـی ئەو حاڵەتانەی سکچوون کە لە نەخۆشخانەکان تۆماردەکرێن، "رەوانەی پشکنینی کۆلێرای دەکەین. ئەو ژمارەی لەبارەی تووشبوون بە کۆلێرا رادەگەیەندرێت لە چوارچێوەی ئەو سەدا 20ـەیە و ژمارەیەکی زیاتری کۆلێرا لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە".
وەزیری تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، ژمارەت تووشبووان بە کۆلێرا لای ئەوان گرنگ نییە "بەقەدەر ئەوەی کە بوونی کۆلێرا هەیە، بۆیە هەموو سکچوونێکی توند و هەموو نەخۆشییەکانی سکچوون ئێمە وەکو کۆلێرا هەژماری دەکەین و هەمان رێکار و چارەسەری ئەو نەخۆشییە لەگەڵ دەگرینەبەر".
وەکو ئەوەی د. سامان بەرزنجی ئاماژەی پێ دا، لیژنەیەکی باڵایان پێکهێناوە و لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئەوەشی خستەڕوو، ڕاپۆرتێکیان لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا ئامادەکردووە و لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەیخەنەڕوو.
لە بارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، وەزیری تەندروستی گوتی، "هەندێک رێکار هەیە پێویستە ئێستا بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بەرەو کەمبوون بچێت. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا چەند پڕۆژە پێشنیازێک دەخەنەینەڕوو بۆ پڕۆژەی داهاتووی درێژخایەن. کە چاککردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و پڕۆژەی ئاوی پاکە".
د. سامان بەرزنجی باسی لەوەش کرد، "لەگەڵ کۆتاییهاتنی وەرزی گەرما و دەستپێکردنی وەرزی پاییز و سەرما کۆلێرا نامێنێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کۆلێرا بە یەکجاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو لە ساڵانی داهاتووش سەرهەڵدەداتەوە. ئەو کۆلێرایەی ئێستا هەیە، بەکتریای چەندین ساڵی پێش ئێستایە کە هەبووە."
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکانی تەندروستی لەگەڵ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سەردان و هەڵسەنگاندنی رۆژانەیان هەیە و، تا رادەیەک ئەو شوێنانەی سەرپێچییان هەبووە و، کلۆریان نەکردووەتە نێو ئاوەوە یان ئاوەکەیان نافەرمی بووە (وەکو بیری ئاوی نافەرمی)، سزادراون.