رێبەر ئەحمەد و قاسم ئەعرەجی و پلاسخارت لە کۆبوونەوەدان

چەند پرسێکی ئەمنی تاوتوێ دەکەن

K24 - هەولێر

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ئەمنی لە کۆبوونەوەدان.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق – ئێران دەکرێت، کە لە ماوەی رابردوودا لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراوە.

یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، پرسی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانە، بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووە، تاوتوێی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکرێت.

پەیامنێرمان، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکە دەکرێت، کە بەشێکی بریتیە لە دروستکردنی کەمپێک بۆ ئەو کەسانەی کە خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە لەو کەمپەدا دەژین، نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کەمپە دەکات بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت".