گوهدار شێخۆ: سەدا 90ـی شەقامە سەرەکییەکانی زاخۆ نۆژەنکراونەتەوە

لێدوانی رۆژنامەوانی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
لێدوانی رۆژنامەوانی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژە بەوە دەدات، سەدا 90ـی ئەو شەقامە سەرەکییانەی زاخۆ، کە کێشەی هاتووچۆیان لەسە بوو و لەکارکەوتبوون، بەپێی ستاندەردە جیهانییەکان نۆژەنکراونەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بەبۆنەی تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەر دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان گەیەندرانە هەندێک گەڕەکی ئەو شارە.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لێداونێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هاوکاریان بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردوون.

گوهدار شێخۆ ئەوەشی خستەڕوو: "سبەی هەندێک شەقامی گشتی لە زاخۆ دەکەینەوە، کە کێشەی هاتووچۆیان لەسەر هەبووە و لەکارکەوتبوون. سەدا 90ـی ئەو شەقامە سەرەکییانە بەپێی ستاندەردە جیهانییەکان نۆژەنکراونەتەوە و ئێستا زیاتر سەرنجی ئێمە لەسەر گەڕەکە میلییەکانە".

گوهدار شێخۆ  ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی سەرەکی خەڵکی زاخۆ، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رێگاوبان، کارەبا و ئاو بووە، "بە خۆشحاڵییەوە ئەو پڕۆژانەی لەبارەی پڕۆژەکانی رێگاوبان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردبوون، ئەمڕۆ بەرهەمەکەی دەبینین؛ ئەمڕۆ بە گوژمەی نزیکەی 20 ملیار دینار پڕۆژەی، شەقامەکانی گەڕەکی سەرهەڵدان و دەڤەری دەشمەرێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە درێژایی نزیکەی 20 کیلۆمەتر قیرتاو دەکرێن".  

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ  گوتیشی، "ئێمە زیاتر گرنگی بەو پڕۆژانە دەدەین کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە و بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان بەردەوام دەبن".