پارێزگاری هەولێر: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بۆ هەمووان بابەتێکی ستراتیژییە

ئومێد خۆشناو
ئومێد خۆشناو

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەری و لێکەوتەکان بابەتێکی زۆر گرنگە، دەشڵێت: سێ هاوینە بابەتی وشکەساڵی و ئاوی ماڵان یەکێکە لە گرفتەکانی ئیدارەی هەولێر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسی کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک مەترسییەکانی زێدەڕۆیی ئاو لە هەولێر گوتی: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەری و لێکەوتەکان، لەسەر ئاستی جیهانیدا بابەتێکی زۆر گرنگە و هەموو لەسەر ئەو پرسە کۆکن.

دەشڵێت: گۆڕانکاری کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک و قەیرانی ئاو پرسێکی گرنگە، سێ هاوینە بابەتی وشکەساڵی و گرفتی ئاوی ماڵان یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم ئیدارەی ئەو شارە.

ئاماژەی بەوەشکرد، روودانی لافاو جگە لەوەی کاریگەری لەسەر ئاوی ماڵان دەبێت، کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکانیش دەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو تێگەیشتنە جیهانییەی هەیە، ستراتیژییەکانی خۆی رێکخستووە لەوەی رێگری بکات لە وەی لێکەوتەکانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان کەمتر بێت.

پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە بابەتە ستراتیژییەکان وەکو پێویست دەستی بۆ ببردرێت، تەنها رێکارە کاتییەکان کراوە.