سوودانییەکان بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان چەند رۆژێک نۆرە دەگرن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت

K24 - هەولێر

بەسەدان سوودانی لەبەردەم نوسینگەیەکی پاسپۆرت دا لە شاری پۆرتسوودان، چاوەروانن بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت، ئەمەش بەمەبەستی هاڵاتن لەشەڕ یان چاودێری پزیشکی لەدەرەوەی وڵات.

دوای نزیکەی 5 مانگ لە وەستان، نوسینگەی پاسپۆرت دەستی بە کارەکانی کردەوە، هەر لە بەیانییەوە پیاوان و ئافرەتان و منداڵان، لەبەردەمی نوسینگەکەدا لە رۆژهەڵاتی سوودان دا وەستاون بۆ رایی کردنی کارەکانییان.

مەروە عومەر کە لەژێر بۆردوماندا لە خەرتوم هەڵاتووە و ئێستا بەدوای دەرهێنانی پاسپۆرت دایە بۆ هەر چوار منداڵەکەی دەڵێت: دەمانەوێت گەشت بکەین بۆ هەر شوێنێک، چونکە لێرە مافمان نییە، ئێمە بەشی خواردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانمان نییە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کاری سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان لە خەرتوم وەستاوە، لەو شوێنەی کە شەڕێکی سەخت روودەدات، لە کۆتایی مانگی ئابدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری سوودان، مالیک عەقار، لەناو جەنجاڵییەکی گەورەی میدیاکان، شوێنێکی نوێی بۆ چاپکردنی پاسپۆرت کردەوە.

لەو کاتەوە تا ئێستا زۆرێک لە خەڵکی روویان لەو شارە کردووە، چونکە تاکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییە کە تا ئێستا لە وڵاتەدا کاردەکات، هەر لەبەر ئەمەشە بەرپرسانی حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان کردوویانەتە بارەگای سەرەکی خۆیان.

فیراس محمد، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: ئەفسەرانی پاسپۆرت فشارێکی زۆریان لەسەرە بەهۆی ئەو داواکارییە زۆرەی کە ناتوانن بە یەکجار جێبەجێی بکەن.

ئااماژەی بەوەشکرد، "هەندێک کەس لە پێنجشەممەوە لێرە چاوەڕێی دەکەن و هێشتا نەیانتوانیوە داواکارییەکانیان تۆمار بکەن".

لای خۆیەوە شەهاب محمد دەڵێت: هۆڵەکە تەسکە و هیچ کورسییەکی نییە. واتە: بەساڵاچووان لەسەر زەوی دانیشتوون.

بەڵام هەموو ئەمانە رێگری لە داواکردنی پاسپۆرت لەلەیان هاووڵاتییانەوە ناکەن، کە بە هەر نرخێک بێت هەوڵدەدەن وڵاتەکە بەجێبهێڵن، چونکە بەهۆی بۆردومانەکانەوە، گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان دەکرێتە ئامانج، فیشەکی هەڕەمەکی و پچڕانی درێژخایەنی کارەبا و ئاو خەڵکی هەراسان کردووە.

ئەوان ئامادەن بڕی نزیکەی 200 دۆلار بدەن بۆ بەدەستهێنانی پاسپۆرت، ئەو بڕە پارەیە هاوتایە لەگەڵ تێکڕای مووچەی فەرمانبەرێکی سوودان. ئەو وڵاتە کە پێش جەنگ یەکێک بوو لە هەژارترین وڵاتانی جیهان، ئێستا بەگوێرەی ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان داوە لەوەی کە زیاتر لە نیوەی سوودانییەکان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بژین، هەروەها 6 ملیۆن کەسیش لە لێواری برسێتیدان.