بەریتانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر
کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023) کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "بەریتانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبارەی دابینکردنی پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی بژێوی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان".

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچنس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و دواتر لە پەیامێکدا رایگەیاند، سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بۆ عێراق گرنگە، شانشینى یەکگرتوو هیوادارە بەمزووانە بڕیارێک ببینێت و هەروەها جەختی لەسەر ئەوەشکردبووەوە، "هەموو فەرمانبەرانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان، شایەنی ئەوەن، لە کۆتایی هەموو مانگێکدا مووچە وەربگرن".

هەروەها رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو)، ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق کرد بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر بودجه‌ و جێبه‌جێكردنی، هه‌روه‌ها رایگەیاند، "چاوه‌ڕوانی به‌رده‌وامی دیالۆگ ده‌كه‌ین، بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری به‌رده‌وام كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌كاندا بێت".

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.