سوپای ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندێکی لە باشووی باخمووت راگەیاند

K24 – هەولێر:

سوپای ئۆکرانیا کۆنترۆڵکردنەوەی گوندێکی لە باشووری باخمووت راگەیاند و رووسیاش لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامە.

هانا مالیار، جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لە بەرەی باخمووت هێزەکانیان دوو کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و  بەجۆرێک، لە هەفتەی رابردووەوە حەوت کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە باشوور و رۆژهەڵاتی وڵاته‌كه‌یان کۆنترۆڵ کردۆتەوە.

سوپای ئۆکرانیاش ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە كه‌ تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت لە گوندی ئاندریڤکا لە باشووری باخمووت ئاڵای ئۆکرانیا هەڵدەکەن.

ڤۆلۆدیمیر زێلینکسی سەرۆکی ئۆکرانیاش لەبەرامبەر کۆنترۆڵ کردنەوەی گوندی ئاندریڤکا سوپاسی سەربازانی ئۆکرانیای کرد و دەڵێت، "سوپای ئۆکرانیا بە هەموو توانای خۆیان بەرگری دەکەن و هەنگاو بە هەنگاو خاکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ دەکەنەوە". 

571  رۆژە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە و رووسیاش بەردەوام بە درۆن و مووشەک خاکی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج، بەجۆرێک شەوی رابردوو هێزه‌كانی ئۆکرانیا 18 درۆن و 17 مووشەکی رووسییان لە میکۆلایڤ و ئۆدێسا خستووەتە خوارەوە.

لەگەڵ بەردەوامی جەنگیش وڵاتانی رۆژئاوا بەڵێنی بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکانیان بە ئۆکرانیا داوە، جەیمس کلێڤەرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش دووپاتیکردەوە. ئێمە لە پێشكه‌ش كردنی ئەو چەک و کەرەستە سەربازیانەی ئۆکرانیا داوایکردوه‌، پێشەنگ دەبین. لەوانەش، فڕۆکەی جەنگی خێرا، را‌‌هێنانی فڕۆکەوانەکانیان، راهێنانی سەربازانی ئەو وڵاتە، دابینکردنی تانک، زرێپۆش و گولە

لە سەرەتای مانگی حوزەیران سوپای ئۆکرانیا بە فەرمی هێرشی پێچەوانەی بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی تەواوی خاکی وڵاتەکەی دەستپێکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە کۆنترۆڵ کراوەتەوە. بەڵام  پێشڕەوییەکان بەگوێرەی پێشبینییەکان نیین، هەروەها رۆژئاوا لە ئەنجامی هێرشی پێچەوانەی سوپای ئۆکرانیا نیگەرانە.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵگری بەریتانیا، رایگەیاندبوو، لە ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیا و بە تایبەتی له‌ دەوروبەری باخمووت، سوپای رووسیا لە بەرامبەر هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیا لەژێر فشارێکی زۆر سه‌ختدایە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدابوو، سوپای ئۆکرانیا هێواش هێواش لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان بەردەوامن.

سەرەتای مانگی حوزەیران بە فەرمی هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی وڵاتەکە دەستیپێکرد، تاکو ئێستاش نزیکەی 300 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنترۆڵکردۆتەوە.