بۆچی ئاستەنگ بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دروست دەکرێت؟

هەڵەبجە
هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

بۆ دووەمینجار پەرلەمانی عێراق، دەنگدانی لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخست و پێشتریش لەکاتی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پرۆژەیاساکە، لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە هەوڵی راگرتنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دراوە.

وابڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە بدات، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023) دواخرا، ئەمڕۆش جارێکی دیکە دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بۆ سبەی سێشەممە دواخرا.

لەسەرەتای گەیشتنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمانی عێراق، هەوڵێک هەیە بۆ راگرتنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دەیانەوێت بیکەنە فشارێک بۆ بەپارێزگابوونی سێ قەزای دیکە لە پارێزگاکانی موسڵ، سەڵاحەددین و بەسڕە.

پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا و  دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا بە مەبەستی پەسەندکردن.

ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقیش، دواى دە ساڵ هات دەرکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و تەواوکردنی رێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکان.

هەرچەندە لە (13ـى ئادارى 2014)ـەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دەکرد و لە ساڵی 2015ـەوە ئەو دۆسیەیە چووە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەوکات نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایە مایەوە و ئەمساڵ لەلایەن کابینەی سوودانییەوە، رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا.

رۆژی یەکشەممە (2ـی نیسانی 2023)، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدا. هەروەها لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە کرد.

بەشێک لە پەرلەمانتارە عەرەبەکان، داوای بەپارێزگابوونی قەزاکانی تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا، و قەزای دووزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەددین و قەزای فاو لە پارێزگای بەسرە دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش رێگری لە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەن.

هەرچەندە بەشێک لە چاودێران، پێیان وایە ئەجێندای دیکە لەپشت ئەو هەوڵەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عەرەب و تورکمانی پەرلەمانی عێراق هەیە و هەندێکیان پێیان وایە، ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە پارێزگایەکی کوردییەوە نەبوایە. ئەوا بە ئاسانی ئەو پرۆژەیاسای لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕی.

هاوکات بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو پەرلەمانتارانە دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بە رەوایەتیدان دەزانن بۆ ئیدانەکردنی جینۆسایدی کورد و کیمیابارانکردنی خەڵکی سڤیلی شارەکە لە ساڵی 1988، کە لە داهاتوودا، ئاستی داواکاری ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بەرزدەکاتەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەیان لە تاوانەکانی رژێمی پێشووی عێراق کە زیانیان پێگەیشتووە و وێران بوون و خەڵکەکەی بوونەتە قوربانی.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا بەناوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی بەغدا، رایگەیاند، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگ بدرێت بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵام بەداخەوە کوتلە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی بەغدا بڕگەی دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان دواخست.

هاوکات رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023) فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، " لە رۆژانی رابردوودا وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کردووە و پێیان راگەیاندوون پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە پاڵ هیچ پرسی بەپارێزگابوونی هیچ قەزایەکی دیکە"، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا هەر کاتێک رێکارە ئیداری و یاساییەکانی ئەو قەزایانە تەواوبوو، دەنگیان بۆ بدەن.

پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە لە هۆکاری دەرکردنی یاساکەش نووسراوە، "بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بەهۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی، مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیایی رژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بۆ سەر شارەکە کەوتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا".

لە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا هاتووە، "هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای 19ـیەمینی عێراق و لە سنووری ئیداری هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە".

لە ماددەی دووەمی پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی عێراق، سنووری ئیداری و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان دەکەن.

هەروەها پرۆژەیاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی یاساکە بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

پارێزگاى هەڵەبجە دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتی شارى سلێمانییەوە، لە ناحیەکانی سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ پێکهاتووە و لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا.

لە 16ـى ئادارى 1988، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، بە چەکی کیمیایى هێرشی کراوەتەسەر و پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان سپارد و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و پەککەوتە بوون، کەچی تائێستا لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە، لە هەموو بوارەکانی مرۆیی، سیاسی، یاسایی، تەندروستی و ئاوەدانیدا، قەرەبووی دانیشتووانەکە و شارەکە نەکراوەتەوە.