زرار حوسێن: ئەوانەی تووشی سکچوون دەبن دەبێت سەردانی پزیشک بکەن

زرار حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو
زرار حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو ئاماژەی بەوەدا، زۆر گرنگە هاووڵاتییان لەو بارودۆخەی ئێستا خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنی دەرەوە، ناوبراو دەشڵێت: هۆکاری سەرەکی تووشبوون بە کۆلێرا ئاوی پیسە.

زرار حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ رایگەیاند، سەرچاوەی تووشبوون بە کۆلێرا ئاوی پیسە، یانیش سەوزە کە جوان نەشورابێت و هەڵگری ئەم جۆرە بەکتریایە بێت، یاخود خواردنی سەر عەرەبانەکان و ئەو خوارنانەی کە سەرکراوەن ئەمانە هەموو سەرچاوەن بۆ تووشبوون بۆ کۆلێرا.

ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو، هەروەها راشیگەیاند، زۆر گرنگە لەو قۆناغەی ئێستادا خۆمان بەدوور بگرین لە خواردنی دەرەوە، بە تایبەت ئەو خواردنانەی کە خاوێن نیین، هاوکات ئاو خواردنەوەش ئەگەر گومانی لێکرا %100 خاوێن نەبوو پێویستە بکوڵێندرێت ئینجا بخورێتەوە.

ناوبراو دەڵێت: ئەگەر هەر کەسێک لە ئێستادا سکچوونی هەیە زۆر گرنگە پشکنین ئەنجامبدات و بۆ ئەوەی ئەندامانی ماڵەوەی تووشنەکات، هەروەها پەتای کۆلێرا لە رێگەی دەمەوە دەگوازرێتەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێک، پێویستە کەسی تووشبوو بەو پەتایە کەرستەکانی بەکار نەهێندرێن، چونکە بەکارهێنانی کەرستەی تووشبوو بەو پەتایە راستەوخۆ بۆ کەسەکە دەگوازێتەوە.

زرار حوسێن، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە سەوزە بە ئاوێکی زۆر بشوورێت بۆ ئەوەی بەباشی خاوێنبێت و نەبیتە هۆی گواستنەوەی ئەو پەتایە، هەروەها گرنگە بزاندرێت سەرچاوەی سەوزەکە کوێیە، پێویستە سەوزە لەو شوێنانە بکڕێت کە بە ئاوی خاوێن ئاودراوە.

باسی لەوەشکرد، هەروەکو وەزیری تەندروستیش ئاماژەی پێدا هەرکەسێک سکچوونێکی تووندی هەبوو پێویستە پشکنین بکات، بۆ ئەوە ئەو پەتایە لەناو کۆمەڵگەدا بڵاونەبێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی بزاندرێت سەرچاوەی گواستنەوەی بەکتریاکە کوێ بووە، ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە هەر سکچوونێکی توند بە کۆلێرا دادەنێن لە ئێستادا".

زرار حوسێن، گوتی: ئەو تووشبوانەی کە چارەسەر وەرناگرن و ئاوێکی زۆر ناخۆنەوە یاخود ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، ئەمانە زۆر بە تووندی تووشی پەتاکە دەبن و تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە وشکبوونەوە دەبن، هەروەها ئامۆژگاری کەسانی تووشبوو بەو پەتایە دەکەین کە ئاوێکی زۆر بخۆنەوە بۆ ئەوەی تووشی وشکبوونەوە نەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە، (18ـی ئەیلوولی 2023)، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، تا ئەمڕۆ 30 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، "بەڵام بە خۆشحاڵییەوە هیچ حاڵەتێکی مردن بە کۆلێرا تۆمارنەکردووە".

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ئەگەر تووشی سکچوون بوون و زانییان پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی هەیە، بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری وەربگرن.

بە گوتەی د. سامان بەرزنجی، 20%ـی ئەو حاڵەتانەی سکچوون کە لە نەخۆشخانەکان تۆماردەکرێن، "رەوانەی پشکنینی کۆلێرای دەکەین. ئەو ژمارەی لەبارەی تووشبوون بە کۆلێرا رادەگەیەندرێت لە چوارچێوەی ئەو 20%ـەیە و ژمارەیەکی زیاتری کۆلێرا لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە".