موسەننا ئەمین: بەگوێرەی دەستوور ناتواندرێت رێگری لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت

K24 – هەولێر:
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لایەن بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەستووەتەوە، هاوکات دەڵێت: تا ئێستاش ئەو لایەنانەی دەستکەوت بە کوردستان رەوا نابینن لە بەغدا هێزیان هەیە، ناوبراو گوتیشی: هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان سەبارەت بە هەڵەبجە یەکدەنگن.
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، هەندێک لە هێزە سیاسییەکان بە ناحەزی کورد هەندێکیشیان بە پێچەوانەیی ئەم داخوازییە، بە کۆمەڵێک داخوازی شارەکانی دیکەوە، کۆمەڵێک شاریان ئامادەکردووە دەڵین "با ئەو شارەی منی تێدا بێت ئینجا ئامادەین دەنگ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدەین".
هاوکات راشیگەیاند، "من ئەوڕۆ بە کۆمەڵێک لەو پەرلەمانتارانەم گوت، بەڕاستی شەرمەزارییە ئەو هەموو کۆمەڵکوژییە و خوێن و خەبات و قوربانییە و جینۆساید و کۆمەڵکوژیە دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە هەڵەبجە ئەنجامی داوە، ئێوە لەبەر چاوتان نییە، بە رەوای نابینن ناوی بنێنن پارێزگا، لە کاتێکدا هیچ بارگرانییەکی دارایی ناخاتە سەر ئێوە هەموو ئەرکێکی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان پێیان وابوو ئەم بڕیارە ئارەزووی هەندێک شارەکنای دیکەی عێراق دەجوڵێنێت بۆ دروستکردنی پارێزگا، ئەوان بە هەستیاری ئەو بابەتە سەیر دەکەن و وادەزانن بارگرانی لەسەر دەوڵەتی عێراق دروست دەکات.
ناوبراو روونیکردەوە، بە پێی ماددەی 141 لە دەستووری عێراق، هەڵەبجە پێویستی بەوە نییە یاسای بۆ دەربکرێت، گوتیشی "پێموابوو بچێتە دادگای فیدڕالی دەتوانرێت ئەو بابەتە ببرێتەوە، چونکە ماددەی 141 روونە کە دەڵێت، هەموو بڕیار و یاسا و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش دەرچوونی دەستووری عێراق هەمووی شەرعی و قبووڵن"، لە ساڵی 1999 بۆ یەکەمجار لە پەرلەمانی کوردستان ئەو بڕیارە دەرچووە کە هەڵەبجە پارێزگا بێت، لە بودجەی هەموو ساڵەکان هەڵەبجە کراوە بە پارێزگا و بڕێک پارەش بە رەمزی بۆی دابین کراوە.
موسەننا ئەمین دەڵێت: "ئالنگاری و رێگرییەکان لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سیاسی و شۆڤێنییە، هەندێکیشی بیانوو، گێچەڵکردنە و داخوازییان هەیە بۆ شارەکانی خۆیان بۆ ئەوەی بەو بابەتەی ببەستنەوە، هەروەها ئەوان جەخت لەوەش دەکەنەوە، دەبێت دەقی یاساکە دەستکاری بکرێت و ببێت بە یاسای بە پارێزگاکردنی هەندێک شاری دیکەش".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، بەداخەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق خۆی و فراکسیۆنەکەی لە دانیشتنەکانی رۆژی پێنجشەمە و ئەمڕۆش، بەشدارییان نەکرد، باسی لەوەشکرد، بە پەرلەمانتارانم گوت بە بۆنەی هەڵەبجەوە ئەمڕۆ ئێوە لەسەر کورسییەکانتان دانیشتوون و گەورەترین کۆمەڵکوژی بە چەکی کیمیاوی لە مێژووی مرۆڤایەتی لە هەڵەبجە ئەنجامدراوە.
موسەننا ئەمین، گوتی: گومانمان هەیە کە بۆ دانیشتنی سبەش ئەو بابەتە دەنگی لەسەر بدرێت، حکومەتی عێراق تا ئێستا هیچ قەرەبوویەکی ماددی هەڵەبجەی نەکردووەتەوە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسیا ئەمڕۆ داواکارییان پیشکەشکرد کە ئەم بڕگەیە دوابخرێت و بۆیە ئێمەش فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەو دانیشتنەمان بەجێهێشت.
هاوکات گوتیشی: دەبێت فراکسیۆنە کوردییەکان و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، حەلبوسی بخەنە ژێر پرسیار کە بڵێن تۆ بە چ هەقێک ئەم ناحەزییە لەگەڵ هەڵەبجە و کورد دەکەیت؟ هەڵەبجە تەنیا لە 1988 جینۆساید نەکراوە بەڵکو لە 1987 و 1984 لە سەردەمی ئیگلیزیش بۆمبباران کراوە.
جەختیشی لەوەکردەوە،هەڵەبجە بە دەستوور پارێزگایە، لە یاسای هەموو بودجەکانی دیکەی عێراق هەڵەبجە بە پارێزگا کراوە، وەک پارێزگا مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، تەنیا لە یاسای بودجەی ئەمجارە ئەو کارە پەراوێز خراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، بریندارەکانی هەڵەبجە بە دەست ئازارەکانیان دەناڵێنن و حکومەتی فیدڕاڵیش تا ئێستا بە بیناووی جیا جیا خۆی لە قەرەبووکردنەوەیان دەدزێتەوە، بە بڕیاری دادگا دان نراوە بە جینۆسادی هەڵەبجە، بەڵام تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە، هاوکات هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر ئەو پرسە یەکدەنگ بوون، تەنیا فراکسیۆنی نەوەی نوێ خۆی جیاکردەوە لە خوێندنەوەی راگەیەندراوەکە، ئەگینا هەموو هێزە سیاسییەکان پێکەوە راگەیەندراوەکەیان خوێندەوە، نەوەی نوێ وایان پێ باشە خۆیان جیابکەنەوە کە بە تەنیا کۆنفراسنی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی بۆ سبەی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023 دواخست.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بڕیاری دواخستنی دەنگدانەکە لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکان بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، (18ـی ئەیلوولی 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 14ـی ئەیلوولی 2023، لەگەڵ زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 100 پەرلەمانتارە، گفتوگۆیان کردووە و بەڵێنی ئەوەی پێداون بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بکەن و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدەن.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "پێموانییە هیچ لایەنێکی سیاسی بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت، ئێمە لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نین. خۆمان پرسیارمان کرد، کێ لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نییە، با بە ئاشکرا بیڵێت؟ بەڵام هەموویان گوتیان، ئێمە ناتوانین وا بڵێین، هەڵەبجە بریندارە و شایەنی زیاترە. کە هاتە قۆناغی دەنگدان، پێموانییە هیچ لایەنێک دەنگ لە دژی هەڵەبجە بدات. هەر کاتێک دانیشتنەکە کرا، دڵنیام پڕۆژەیاساکە تێدەپەڕێت".