چیرۆکی هاووڵاتییەکی ئەمەریکی کە هاوکاری کۆچبەرانی کورد دەکات

K24 – ناشڤێڵ:
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 ژمارەیەک خێزانی کورد وەک کۆچبەر روویان لە شاری ناشڤێڵی ئەمەریکا کرد. لەوێدا لەلایەن هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بەناوی بیڵ سینکلێر کە کاری نیشتەجێکردنی کۆچبەران بوو پێشوازیان لێکرا. ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکییە دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر کورد دەناسێت و ئاشناییەکی زۆریشی لەگەڵ مێژووی نەتەوەی کورد و کوردستان هەیە.
شاری ناشڤێڵ ئەو شارەی بەهۆی زۆریی ژمارەی کورد بە کوردستانی بچووک ناسراوە، سەرەتای کۆچی کوردان بۆ ئەو شارە بۆ نیو سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کاتێک بۆیەکەمینجار لە ساڵی 1976 ژمارەیەک خێزانی کورد وەک کۆچبەر روویان لەم شارەی ئەمەریکا کرد.
هەروەها کۆچبەرە کوردەکان کە سەرەتا چوونە ئەمەریکا ئاشناییەکی زۆریان لەگەڵ کۆمەڵگەکە نەبوو، پێویستیان بە کەسانێک بوو هاوکاریان بکەن.
بیڵ سینکلێر، هاووڵاتییەکی ئەمەریکییەیە. ئەو یەکەم کەس بوو لە ساڵی 1976 پێشوازی لە کۆچبەرە کوردەکان کرد. بیڵ ئەو کات بۆ کڵێسایە کاری دەکرد کە کاریان هاوکاریکردنی کۆچبەران بوو. ئەو کاتێ داوای لێکرا تا چەند دەتوانێت سپۆنسەری کۆچبەرانی کورد بکات، تەنانەت ناوی کوردی نەبیستبوو.
ناوبراو، لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە ئایاری ساڵی 1976 لەلایەن کۆنفرانسی نیشتمانیی کاسۆلیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییم پێوە کرا، داوایان کرد ئاخۆ دەتوانم کۆچبەرانی کورد نیشتەجێ بکەم. گوتم: زۆر دڵخۆش دەبم یارمەتیدەر بم بەڵام نازانم کورد کێن. گوتیان، چەند بابەتێکی گرنگ لە ناشناڵ جیۆگرافیک هەن کە دەتوانی لەبارەی مێژووی کوردستانەوە بزانی. منیش وام کرد."
بیڵ بەروار و کاتی گەیشتنی هەموو ئەوکۆچبەرە کوردانەی بەوردی تۆمارکردووە کە ئەو پێشوازی لێکردوون، ئێستا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی ناشڤێڵ هەیە و لە زۆربەی بۆنە و رێوڕەسمەکانیاندا بەشداری دەکات.
ئەو هاووڵاتییە، ئەمەریکە ئاماژەی بەوەشدا، "لە یەکەم رۆژی کوردەکانم بینیوە و دوای 47 ساڵیش سەرسامییەکی بێ وێنەم بۆ کورد هەیە، من لەماوەی ژیانمدا لەگەڵ خەڵکی زیاتر لە 30 وڵاتی جیاواز کارمکردووە، کوردەکان زیاتر لە هەموو خەڵکی سەر ئەم هەسارەیە دڵسۆزترن، کەسانی ئیشکەرن. ئەوان بڕوایان بە خوێندن هەیە و باوەڕی خۆیان پراکتیزە دەکەن."
بیڵ سینکلێر، گوتیشی: "کوردەکان دڵسۆزبوونە بۆمان، لەگەڵ سوپاکەمان بەشداریان کردووە، بەڵام ئێمە ئەوانمان جێهێشت. باوەڕی بەهێزم بەوە هەیە کە کوردەکان دۆست و هاوپەیمانیی ئێمەن، بەڵام بەداخەوە لە هەندێ کاتدا وازمان لێیان هێناوە. بۆچوونم وایە کە دەبێت کوردستان ببێتە خاوەن دەوڵەت، ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. من ئەوە دەزانم کە کوردەکان بۆ هەزاران ساڵ لە ناوچەکەن".
ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی دروستی کورد لە ئەمەریکا نییە، بەڵام مەزندەدەکرێت ژمارەیان لەنێوان 70 بۆ 80 هەزار بێت، لەو رێژەیەش زۆرترینیان لە شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنەسی نیشتەجێن.