رێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی بەندکراوەکان جێبەجێ دەکرێت

K24 – هەولێر

واشنتن و تاران، ژمارەیەک بەندکراوی یەکتر ئازاد دەکەن، کە پێشتر لەسەری رێککەوتوون.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " پێنج بەندکراوی ئێرانی لە بەندیخانەکانی ئەمەریکا ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا پێنج هاووڵاتی ئەمەریکی کە لە بەندیخانەکانی ئێراندا بوون، ئازاد دەکرێن".

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئێرانییە ئازادکراوەکان دەچنە کوێ؟ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "دوو هاووڵاتی لەسەر داوای خۆیان دەگەڕێنەوە ئێران، یەکێکی دیکەیان دەچێتە وڵاتێکی دیکە کە خێزان و منداڵەکانی لەوێن و دوو کەسەکەی دیکەش لە ئەمەریکا دەمێننەوە".

کەنعانی ئاشکراشی کرد، کە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوور ئازاد دەکرێن.

پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردبووەوە: "واشنتن و تاران بۆ ئازادکردنی پێنج بەندکراوەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن و لە بەرامبەردا ئەمەریکا بڕیاری داوە شەش ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بدرێتەوە بە ئێران".

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو شەش ملیار دۆلارەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوت دەستکەوتبوو، بەڵام کۆریاری باشوور لەبەر  ئەو سزایانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندبوون ئامادە نەبوو پارەکە بدات بە ئێران.