رووسیا ناوچەیەکی پیشەسازی لە ئۆکرانیا کردە ئامانج

K24 - هەولێر
ئیهۆر تێرێخۆف، سەرۆکی شارەوانی خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە، رایگەیاند، رووسیا دووەم هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو شارە ئەنجامدا و ناوچەیەکی پیشەسازیی کردە ئامانج.
ئیهۆر تێرێخۆف، سەرۆکی شارەوانی خارکیڤ زانیاری زیاتری لەبارەی زیانەکانی ماددی و مرۆییەوە نەخستەڕوو، چەند کەناڵێکی تێلێگرام هێرشەکانی سەر شارەکەیان بڵاوکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند تەقینەوەیەک شاری لڤیڤـی رۆژئاوای ئۆکرانیای هەژاند، لە کاتێکدا دوو بەرپرسی ناوچەکە رایانگەیاند، کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا بەرپەرچی چەند هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیایان داوەتەوە.
لە هێرشەکەی رووسیادا کەسێک بە سەختی بریندار بوو و ئاگرێکی گەورەش لە کۆگایەکی پیشەسازیدا کەوتەوە. هەردوو سەرۆکی شارەوانی شارەکە ئەندرێ سادۆڤی و پارێزگاری هەرێمەکە ماکسیم کۆزیتسکی داوایان لە هاوڵاتیان کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە چونکە چاوەڕوانی هێرشی زیاتر دەکرێت.
لە رووسیا، ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆد لە رێگەی تێلێگرامەوە رایگەیاند، یەکەکانی دژە فڕۆکەی رووسیا سێ ئامانجی ئاسمانیان خستووەتە خوارەوە.
گلادکۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بە هەندێک زیان بە هێڵەکانی کارەبا کردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.