محەممەد شوکری: پێویستە دامودەزگا حکومییەکان پشتیوانی لە دەستەی وەبەرهێنان بکەن

رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی دەستەی وەبەرهێنانی دهۆک
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی دەستەی وەبەرهێنانی دهۆک

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان داوا لە دامودەزگا حکومییەکان دەکات هاوکاریان بن لە جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرهێناندا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی دەستەی وەبەرهێنانی دهۆک؛ محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکدین و پێویستە بەشێوەیەکی بەردەوام بەیەکەوە کاربکەن.

محەممەد شوکری داوای لە بەرپرسانی دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دهۆک کرد هاوکاربن لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرهێناندا، چونکە وەکو خۆی گوتی، "دەستەی وەبەرهێنان تەواوکەری کارەکانی حکومەتە".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوەش کرد، ئەگەر دامودەزگا حکومییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پشتیوانی لە دەستەی وەبەرهێنان نەکەن، هەڵبەتە کار و بەرنامەکانی حکومەت، دەستەی وەبەرهێان و کەرتی تایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک سەرکەوتوو نابن.

محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەش دا: "حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکدین. وەکو دەستەی وەبەرهێنان شانازی دەکەین بەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای دهۆک رۆڵێکی بەرچاو و سەرەکیی هەبووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە جۆراوجۆرەکان و پێشخستنی سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی ئابووری".