گوهدار شێخۆ: زیاتر گرنگی بە پڕۆژەکانی رێگاوبان دەدەین

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر گرنگییان بە پڕۆژەکانی رێگاوبان داوە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی رێگاوبان رادەگەیەنن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەکاتی دانانی بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژە، گوتی: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر گرنگیمان بە پڕۆژەکانی رێگاوبان داوە. دەتوانم بڵێم، سەدا 80ـی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان پەیوەست بوون بە رێگاوبان. ئەو پلانەی بۆ دوو ساڵی رابردوو داماننابوو، بە خۆشحاڵییەوە قۆناغی زۆر باشی بڕیوە".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "لە هەموو قەزا و ناحیەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گرنگیی زیاترمان بە پڕۆژەکانی رێگاوبان داوە و زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەو پڕۆژانە بووە. بەشێکی زۆری پڕۆژەکانمان تەواوبوون و بەشێکیشیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان."

گوهدار شێخۆ ئاشکراشیکرد، لە بەرنامەیاندایە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەندێک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رابگەیەنن بۆ ئەوەی بکەونە خزمەتی هاووڵاتییاندا کە زۆرینەیان پەیوەستن بە رێگاوبان، ئاو و کارەبا.