شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەستیپێکردەوە

K24- هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆری بۆ سەر هێزەکانی ئەرمینیا لە ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباغ دەستپێکرد، ئەمەش دوای گرژییەکانی چەند مانگی رابردوو نێوان هەردوولا هات.

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، " ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆر لە ناگۆرنۆ قەرەباغ دەستیپێکردووە و گوتیشی: " چەکی قورس لە هێڵەکانی پێشەوە و قووڵاییدا بەکاردەهێنێت وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکە".

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک لە ستیباناکەرتی پایتەختی ناگۆڕنۆ قەرەباگ روویدا.

ئازەربایجان راشیگەیاند، " رووسیا و تورکیای ئاگادارکردووەتەوە لە ئۆپەراسیۆنەکەیان"، ئاماژەی بە "کوشتنی 4 پۆلیس و هاوڵاتیەکی مەدەنی کردووە بە تەقینەوەی دوو مین لە ناگۆرنۆ قەراباخ"، لەهەمانکاتدا ئەرمەنییەکانی تۆمەتبار کرد و کردەوەکەی بە تیرۆریستی ناو برد.

دوایین گرژییەکان لە کاتێکدا هات کە ئەرمینیا ئازەربایجانی تۆمەتبار کردووە بەوەی رێگری لە هاتووچۆ دەکات لەسەر رێڕەوی لاچین، کە تاکە ڕێگایە ئەرمینیا بە هەرێمە جیاکەرەوەکانی ئەرمەنییەکانەوە دەبەستێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تاس ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند، سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان گوتی: "وڵاتەکەی و ئازەربایجان دەتوانن تا کۆتایی ئەمساڵ بگەنە رێکەوتنێکی ئاشتی" و یەریڤان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئازەربایجان رایگەیاند، ئامادەیە رێگە بە خاچی سوور بدات بە شێوەیەکی بەردەوام یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەنێتە ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ، هەروەها جیاکەرەوە ئەرمەنییەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی رێگرییان لێکردووە.

لە ساڵی 2020دا، شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستیپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ناگۆرنو قەرەباغ کە دواتر شەڕەکە لەبەرژەوەندی ئازەربایجان کۆتایی هات، هەروەها 6500 کەسیش کوژرا. پاشان شەڕەکە بە نێوەندگیری رووسیا کۆتایی هات.