سەختی ژیان گەنجانی چینی ناچارکردووە روو لە شارە بچووکەکان بکەن

ژمارەیەک گەنجی چین
ژمارەیەک گەنجی چین

K24 - هەولێر

جەنجاڵی و ژیانی سەختی شارە گەوره‌کانی چین، لاوانی ئەو وڵاتەی ناچارکردووە پەنا ببەنە بەر شارە بچووکەکان و لەوێ بەدوای فێربوونی هونەری دەستی و بەتایبەت سیرامیکدا بگەڕێن.

شاری ژینگدێژینی چین بەناوبانگە بە کاری دەستی. ساڵانە گەنجێکی زۆری چینی بۆ ئەوەی فێری سیرامیک بن رووی تێدەکەن، کە زیاتر لە هەزار ساڵە ئه‌و پیشه‌یه‌ لەو شارە بەردەوامە و پەرەی پێدەدرێت.

گوۆ یانگ، پێشتر وەک کارمەندی ئایتی لە کۆمپانیایەک کاریکردووە؛ دەڵێت، "دۆخی رۆحیی گەنج لە شارە گەورەکان تەواو پەرێشانە، تەنیا کاردەکەن و هیچ ژیانێکی تایبەت بەخۆیان نییە".

گوۆ یانگ ئاماژە بەوەش دەدات، "رەنگە خەڵکانێك لە شارە گەورەکان کاردەکەن خاوه‌نی مووچه‌یه‌كی به‌رزبن، بەڵام لە راستیدا ناتوانن باشەکەوتیان هەبێت. بڕوام وایە ئەمەش گەورەترین ئالنگارییە رووبەڕووی گەنجان ده‌بێته‌وه‌. دۆخی رۆحیی گەنجەکان تەواو پەرێشانە، تەنیا کاردەكه‌یت و ژیانی خۆتت نابێت."

رۆژانە ئەو گەنجانەی لە شارە گەورە و قەرەباڵغەکاندا هاتوونەتە ژینگدێژین سەردانی ناوچە شاخاویی و سرووشتییەکان دەکەن و لەگەڵ هاوڕێکانیان، کە لەو شارە ناسیویانن کاتێکی خۆش و دوور لە ژاوەژاوی شار و ژیانی مۆدێرنە بەسەر دەبەن.

هی یون، گەنجێکی دانیشتووی ژینگدێژینە و دەڵێت، "بەردەوام خەڵکی زیاتر دێنە ئێرە. بڕوام وایە دۆخی ئەوانیش وەک هی منە. لە کارەکانیان زۆر ئاسوودەنین و فشاری زۆریان لەسەرە. بۆیە بڕیار دەدەن واز لە کارەکانیان بهێنن و بێنە ئێرە. لێره‌ تێچووی ژیان کەمترە و دەتوانین یەک دوو ساڵ بە ئازادی لێرە بژین".

ژیان و گوزەرانی گەنجان لە چین یەکجار سەختە و رێژەی بێ کاری لە ئاستی بەرزدایە، بۆیە گەنجانی چین بۆ ژیانێکی فەراهەمتر و ئارامتر روو لە شارە بچووکەکان دەکەن.