سابت عەباسی وەزیری بەرگری عێراق: ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناو پێنج کەمپدا چەککراون

K24 – هەولێر:

وەزیری بەرگری عێراق رایدەگەیەنێت ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناو پێنج کەمپدا چەککراون.

سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناو پێنج کەمپدا چەککراون و هێزی عێراقی لەسەر سنوور بڵاوەی پێکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستووری عێراق رێگە نادات هیچ رێکخراوێکی چەکداریی لەسەر سنوور بوونی هەبێت و جەختیشی کردەوە سەروەریی عێراق هێڵی سوورە.

وەزیری بەرگریی عێراق گوتیشی، رێگە نادەین خاکی عێراق ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی سیاسی و دیبلۆماسیمان لەگەڵ ئێران و تورکیا هەیە.

سەبارەت بە هێزەکانی ئەمه‌ریکا لەناو عێراق، سابت عەباسی راشیگەیاند، هیچ پێگەیەکی سەربازی ئەمه‌ریکی لەناو عێراقدا نییە و لیژنەیەکی ئەمنی باڵا لە نێوان بەغدا و واشنتن پێکهێنراوە بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و ئەنجامدانی ئەرکی راوێژکاری و جگە لەوە عێراق پێویستی بە هیچ هێزێکی شەڕکەر نییە.

ئاسایشی سنوور یەکێکە لەو پرسانەی کە ئێران زۆرترین پێداگری لەسەر دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر بۆردومانی کردووە.

رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عێراق و ئێران له‌میانه‌ی سه‌ردانی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆكرد، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ماهه‌نگی لە رووی پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.