ئازەربایجان جەنگی دەستپێکرد و ئەرمینیا داوای هاوکاری دەکات

هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەباغ - وێنە: AFP
هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەباغ - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازنی لە هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ راگەیاند کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە رەچەڵەک ئەرمەنین.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان رایگەیاند، ئەو هەڵمەتە سەربازییەی دەستی پێکردووە، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە" و لەمیانەشیدا یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەرمینیا لە هێلی پێشەوە لە هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ، بۆردومانکردووە.

هاوکات دەسەڵاتی هەرێمەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئازەربایجان دەستیکردووە بە بۆردومانکردنی چڕی خانکەندی پایتەختی هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ و ناوچەکانی دیکەی هەرێمەکە و ئۆپراسیۆنێکی سەربازی فراوانیان بۆ سەر هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ دەستپێکردووە و ویستی داگیرکردنی هەیە.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەداغ، لە بۆردومانەکانی ئازەربایجان، پێنج کوژراون و زیاتر لە 80 کەسی دیکەش برینداربوون کە ژن و منداڵیان تێدایە.

لەلایەن خۆیەوە، حکومەتی ئازەربایجان ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، شەش هاووڵاتی ئازەری لە هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کە لەلایەن گرووپە چەکدارە ئەرمەنییەکانەوە چێندراوە. گیانیان لەدەستدا، دەستیان بە هەڵمەتەکە کردووە بۆ "پاراستنی ناوچەکە لە تیرۆر و بەرگریکردن لە خەڵکەکەی".

لە بەرامبەر ئەوەشدا، رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023) ئەرمینیا لەبارەی تۆمەتەکانی ئازەربایجان بۆ چاندنی مین لەسەر زەوی ژێردەسەڵاتی ئازەربایجان لەلایەن هێزەکانیانەوە رەتکردەوە و هەوڵەکانی ئەو وڵاتەشی بە ویستی داگیرکاری وەسفکرد.

دانیشتووانی قەرەباغ لە ئازەری و ئەرمەنی پێکهاتوون و لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لەژێر دەسەڵاتی باکۆ نەما و لەوکاتەوە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە، تاوەکو لە جەنگی 2020، ئازەربایجان توانی دەستبەسەر رووبەرێکی فراوان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

ماوەی چەندین مانگە ئازەربایجان گەمارۆی خستووەتە سەر رێگەی لاچین کە تاکە رێگەیە ئەرمینیا بە قەرەباغ دەبەستێتەوە بەڵام لە چەند رۆژ رابردوودا، بە مەبەستی هاوکاری مرۆیی بە ناوچەکە، باکۆ بڕیاریدا رێگەکە بەشێوەی کاتی بکرێتەوە و داخستنی ئەو رێگەیەشی بۆ رێگریکردن لە بەقاچاغ بردنی چەک بۆ گرووپەکانی سەر بە ئەرمینیا گەڕاندەوە.

یەکێتی ئەوروپا داوای دانبەخۆداگرتن دەکات

لە راگەیەندراوێکدا، یەکێتی ئەوروپا داوای لە ئەرمینیا و ئازەربایجان کرد دانبەخۆیاندا بگرن و ئیدانەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی قەرەباغیشی کرد و داوای لە باکۆ کرد دەستبەجێ چالاکییە چەکدارییەکانی رابگرێت.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئەیلوولی 2023)، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە نێوەندگیری نێوان هەردوو وڵات لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی نێوانیان.

جۆزێپ بۆرێل ئیدانەی بەکارهێنانی چەک و دەستپێشخەری لە شەڕ کرد لەلایەن ئازەربایجانەوە و رایگەیاند، دەبێت هەردوو وڵات دانبەخۆیداندا بگرن و رێگەنەدەن جەنگێکی دیکە لە ناوچەکە دروست بێت.

مۆسکۆ داوای گفتوگۆ لە ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکات

کۆشکی کریملن رایگەیاند، رووسیا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەریەکە لە ئازەربایجان و ئەرمینیا و داوایان لێدەکات دانوستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسەر هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەداغ.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئەیلوولی 2023) دیمیتری بسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کریملن نیگەرانی مۆسکۆی لەبارەی پەرەسەندنەکانی هەرێمەکە راگەیاند و رایگەیاند، داوامان لە هەردوو وڵات کردووە دانوستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانیان.

فەرەنسا: هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی پەسەرەندنە سەربازییەکانی سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا هەڵوێستی پاریسی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی کە ئێستا ئازەربایجان لە ناگۆڕۆ قەرەباغ ئەنجامی دەدات و داواشی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵتی کرد کۆبوونەوەیەکی خێرا ئەنجام بدات.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان کاردەکەن بۆ "وەڵامدانەوەیەکی بەهێز"ـی ئەو هێرشە قبوڵنەکراوەی کراوەتە سەر هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەباغ.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی یەریڤان و باکۆوە دەکات

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە لایەنەکانی ململانێ لە هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەباغ دەکات.

ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەباغ روودەدات "سکانداڵ"ـە و واشنتن لە هەوڵی ئەوەدابووە چارەسەری بنەڕەتی کێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بکرێت و چاوەڕێی ئەوە نەبوو، دوای کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی لە ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئەرمینیا ئاشکرایان کردووە، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە و داوای لێکردووە فشار لە ئازەربایجان بکەن بۆ راگرتنی پاوانخوازییەکانی بۆ داگیرکردنی ناوچەکە و پەلاماردانی وڵاتەکەی.

هۆشداری کودەتای سەربازی لە ئەرمینیا دەدرێت

نیکۆڵ باشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ئیدانەی ئەو بانگەوازانەی کرد بۆ ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لە وڵاتەکەی، دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازی لەلایەن ئازەربایجانەوە لە هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەباغ.

سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، نابێت رێگە بد هەندێک کەس و هێز بدەین کودەتای سەربازی لەسەر دەوڵەتی ئەرمینی ئەنجام بدەن و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی ئەو داوا دەکرێت.

هەروەها کەناڵی فەرمی تەلەفزیۆنی ئەرمینیا رایگەیاند، سەدان کەس لە هاووڵاتییانی ئەرمینیا لەبەردەم بارەگای سەرەکی حکومەت لە یەریڤانی پایتەخت کۆبوونەتەوە و ئیدانەی هێرشەکانی ئازەربایجان بۆ سەر وڵاتەکەیان دەکەن.

ئازەربایجان: مافی ئەرمەنییەکانی ناگۆڕۆ قەرەباغ پارێزراو دەبێت

حکومەتی ئازەربایجان بەردەوامی پرۆسەی سەربازی لە هەرێمی ناگۆڕۆ قەرەباغ راگەیاند و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، تا کۆتاییهاتنی پرۆسەکە بەردەوام دەبن و هەرێمەکە لەلایەن باکۆوە بەڕێوەدەبرێت.

حکمەت حاجیێڤ، راوێژکاری سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاند، "رێز لە ماف و سەلامەتی مەدەنییە بە رەچەڵەک ئەرمەنییەکان لە قەرەباغ دەگرن بەپێی دەستوور و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان".