تیكی تاكا له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه‌

ئه‌گه‌ر ساڵی 2008 سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی تیكی تاكا بێت، 2016 ساڵی مردنیه‌تی

8 ساڵ دوای ئەوەی تیکی تاکا گەیشتە لوتکە، ئێستا ئەو شێوازەی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا چەندان ناسناویان پێ چنییەوە لە سەرەمەرگی نزیکبووەتەوە.

ساڵی ٢٠٠٨ ئیسپانیا بە پشتبەستن بە تیکی تاکا بووە پاڵەوانی ئەورووپا و ساڵێک دواتریش بارسێلۆنا بە سەرکردایەتی پیپ گواردیۆلا لە یەک وەرز شەش ناسناوی چنییەوە و لاڕۆخا دوو ساڵ دوای یەکەمبوونی لە یۆرۆی ٢٠٠٨، لە جامی جیهانی ٢٠١٠ش پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و دیسانەوە تیکی تاکا بەسەر شێوازەکانی دیکەی یاریکردن سەرکەوتەوە و ئیتر لەو دوو ساڵەدا باس باسی داستانەکانی تیکی تاکا بو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ، وردە وردە خەریکە تیکی تاکا تێک دەچێت و کاریگەری کەمتر بووەتەوە.

لە یۆرۆی ٢٠١٦ بە پێی نوێترین توێژینەوەی کەناڵی سکای سپۆرتسی بەریتانی، لە سەدا٣٠ یارییەکانی پاڵەوانیەتییەکە ئەو هەڵبژاردانە بردنەوەیان بەدەستهێنا کە کەمتر لە سەدا ٤٥ی کۆنتڕۆڵی تۆپیان کرد بوو.

ئیتاڵیا لە قۆناخی ١٦ سەرەڕای ئەوەی سەدا ٤٠ کۆنتڕۆڵی تۆپی کردبوو، کەچی بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە ئیسپانیای بردەوە و سەرکردەی تیکی تاکای لە پاڵەوانیەتییەکە دوورخستەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای شکستەکەی ئیسپانیا، ئینگڵاندیش سەرەڕای ئەوەی سێ بەشی کاتەکانی یارییەکە کۆنتڕۆڵی تۆپی کردبوو، کەچی دادی نەدا و بەرامبەر ئایسلاند تووشی شکست بوو و ماڵئاوایی کرد.

هەڵبژاردەکانی وێلز و ئایسلاند و پۆرتوگاڵ کە ئەنجامی باشیان لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەدەستهێنا، کەمتر پشتیان بە کۆنتڕۆڵی تۆپ دەبەستا، بەڵام لە زۆربەی یارییەکان سەرکەوتنیان بەدەستدەهێنا.

لە مۆندیالی ٢٠١٠ تەنیا سەدا سێی یارییەکان لەلایەن ئەو هەڵبژاردەنەوە یەکلا دەکرانەوە کە کەمتر کۆنتڕۆڵی تۆپیان دەکرد، بەڵام بۆ یۆرۆی ٢٠١٢ رێژەکە بۆ سەدا ١٩ بەرز بووەوە و بۆ مۆندیالی ٢٠١٤ش ئەو هەڵبژاردانەی کەمتر گرنگیان بە تیکی تاکا دەدا، لە سەدا ٢٥ـی یارییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

پۆرتوگاڵ لە یۆرۆی ٢٠١٦ بێ ئەوەی زۆرترین کات کۆنتڕۆڵی تۆپ بکات یارییەکانی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا دەکردەوە، لە پرێمەرلیگیش وەرزی رابردوو سەدا ٥٢ـی یارییەکان لەلایەن ئەو یانانە یەکلاکرانەوە کە کەمتر  لە سەدا ٤٠ کۆنتڕۆڵی تۆپیان دەکرد، لە کۆتاییش یانەی لیستەر سیتی بووە پاڵەوانی خولەکە، لە کاتێکدا یانەیەکی وەکو ئارسێناڵ دوادەمین ساڵی بەڕێکرد بێ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی خولەکە ، کە ئارسن ڤینگەر زۆرتر گرنگی بە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ دەدات.

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یه‌کێکی دیکەن لەوانەی تیکی تاکایان تێکدا و بە شێوازە تایبەتەکەی خۆیان کەڵێن و کەڵەبەرەکانی تیکی تاکایان ئاشکراکرد.