دڵشاد شەهاب: رێگە بە هیچ هێز و لایەنێک نادرێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ

K24 – هەولێر
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران تێگەیشتنی باشیان لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران لەبارەی ناوچە سنوورییەکان هەبووە و مەترسی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانیش نەماوە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە لێداوانێکیدا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق کە واژۆکرا هەرێمی کوردستان تێیدا بەشێکی کاریگەر بوو، هەروەها ئەو سنوورەی کە گرفتی لەسەرە سنووری هەرێمی کوردستانە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە ئەمنییەکانی بە شێوازێکی سەرکەوتووانە ئەم مەلەفەیان بەڕێوەبردووە، هەروەها توانیویانە پابەندی ئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و ئێران بن، باسی لەوەشکرد، " ئەو فتیلی ئاگرەی کەوا بۆ گیانی خەڵک جێگەی مەترسی بوو توانرا بکوژێندرێتەوە".
دڵشاد شەهاب، دەڵێت: لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران خۆشحاڵیان خۆیان دەربڕیوە بەو بەروپێشچوونەی کە هەبووە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران تێگەیشتنی باشیان لەبارەی رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران لەبارەی ناوچە سنوورییەکان هەبووە و مەترسی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکان نەماوە.
دڵشاد شەهاب، دووپاتیکردەوە، "بوار نادرێت بە هیچ شێوەیەک هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و هەروەکو چۆن چاوەڕوانیمان هەیە دراوسێکانیشمان سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزن".
رۆژی دووشەممە 18ـی ئهیلوولی 2023، ناسر كەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا ئاشكرایكرد، لهلایهن عێراقهوه بەشێك لە رێككەوتنە ئەمنییەكەی تایبهت به پاراستنی سنوورەكان جێبەجێكراوە.
ئاسایشی سنوور یەکێکە لەو پرسانەی کە ئێران زۆرترین پێداگری لەسەر دەکاتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر بۆردوومانی کردووە.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عێراق و ئێران لهمیانهی سهردانی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆكرد، كه تایبهت بوو به ههماههنگی لە رووی پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.