کارۆخ خۆشناو: خواستی ئەمەریکا جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە

کارۆخ خۆشناو، سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مەریكی
کارۆخ خۆشناو، سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مەریكی

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مەریكی، رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا ستراتیژین، لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا گوتی: ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن خۆیەوە لێكۆڵه‌رێکی سیاسی و ئه‌منی رایگەیاند، ئەمەریکا هەمیشە دەخوازێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

کارۆخ خۆشناو، سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مەریكی و ئەسیر شەرع، لێكۆڵه‌ری سیاسی و ئه‌منی، لەمیانەی بەشداریکردنیان لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ئاماژەیان بەوەدا،  ئەمەریکا هەمیشە داواکارە هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا هەبێت و کێشەکانیان لە رێگەی دەستوورەوە چارەسەر بکەن.

کارۆخ خۆشناو، سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مەریكی، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا لەسەر بنەمای رێککەوتنی ستراتیژی بنایاتنراوە، هەروەها ئەمەریکا سەقامگیری عێراقی بەلاوە گرنگە، ئاماژەی بەوەشدا، خواستی ئەمەریکا ئەوەیە دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت لەسەر ئەو بنەمایەش رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.

سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مەریكی، راشیگەیاند، ئەمەریکا پێشتر چەندین داواکاری لە حکومەتی سوودانی هەبووە لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی، هەروەها خواستی ئەمەریکا ئەوەیە عێراق سەقامگیر بێت و پرۆسەی دیموکراسی بەرەو قۆناغی باشتر بڕوات.

ئاماژەی بەوەشدا، لەسەر ئاستی ئابووری ئەمەریکا دژی گەندەڵییە لە عێراقە، دژی سپیکردنەوەی پارە و ناردنە دەرەوەی پارەیە، هاوکات کارۆخ خۆشناو دەڵێت: ئەمەریکا دەیەوێت سەروەری بۆ خاکی عێراق بگەڕێندرێتەوە، هەروەها ئەو داوکاریییە قورسیشە لەسەر سوودانی کە بتوانێت لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێی بکات.

لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، سه‌رۆكی ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مەریكی، گوتی: ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە، هەروەها هەرێمی کوردستان هەمیشە برەوی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا داوە.

گوتیشی: دوێنێش سێ کۆنگرێسمان نامەیان ئاراستەی بایدن کردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی دیداری لەگەڵ سوودانی بتوانێت ئامۆژگاری سوودانی بکات بۆ ئەوەی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.

کارۆخ خۆشناو، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمەریکا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و دەیەوێت هەرێمی کوردستان و عێراق هان بدات بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

لەلایەن خۆیەوە، ئەسیر شەرع، لێكۆڵه‌ری سیاسی و ئه‌منی، رایگەیاند، زۆرێک پێیان وابوو پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە خراپترین ئاسدایە، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکەی سوودانی و بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بانگهێشتنامەیەکی فەرمی دا بە سوودانی بۆ سەردانیکردنی کۆشکی سپی و کۆبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن لە واشنتن، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە پەرەسەندنێک لە پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق حکومەتی ئەمەریکا هەیە.

هاوکات راشیگەیاند، رەنگە کۆبوونەوەی سوودانی و بایدن چارەنووسی ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا دیاریبکات، ئەسیر شەرع، ئاماژەی بەوەدا، عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک ئالنگاری گەورە دایە.

ئەو لێکۆڵەرە سیاسی و ئەمنییە، دەڵێت: سوودانی رژدە لەسەر ئەوەی تەواوی کێشەکان بە کۆتا بهێنیت، بە تایبەت کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: عێراق پێویستییەتی لەسەر ئاستی ئابووری ئەمەریکا هاوکاری بکات، بەڵکو پێویستی بە هەموو وڵاتانی دراوسێیە، چونکە ئەمەریکا ئەو لایەنەیە کە پارەی عێراق دەپارێزێت، هەروەها کاتێک وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا یاخود یاریدەدەرەکەی سەردانی عێراق دەکات بۆ گفتوگۆکردن و رێگریکردنە لە بەقاچاخبردنی پارە.

ئەسیر شەرع، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، ئەمەریکا پێویستی بەوەیە نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە رەوانەی دەرەوە بکرێت بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە جیهان دابەزێت.

لەبارەی هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئەو لێکۆڵەرە سیاسی و ئەمنییە ئاماژەی بەوەدا، هەڕەشەکردن لە هەرێمی کوردستان واتە هەڕەشەکردن لە عێراق، ئەگەر ئێران هێرش بکات بۆ سەر سنووری هەرێمی کوردستان واتە سەروەری دەوڵەتی عێراقی پێشێل کردووە.