جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵەندا: کەرتی کشتوکاڵ یەکانگیرە لەگەڵ ستراتیژ و پلانی حکومەتی هەرێم

K24 – هەولێر:

جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵەندا رایگەیاند، لەگەڵ دەرکەوتنی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر پێویستمان بە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ هەیە. گوتیشی: "کەرتی کشتوکاڵ یەکانگیرە لەگەڵ ستراتیژ و پلانی حکومەتی هەرێم".

یۆرت پۆستهیومەس جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر رایگەیاند، کەرتی کشتوکاڵ یەکانگیرە لەگەڵ ستراتیژ و پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات. هۆڵەنداش بە چەند پرۆژە و پرۆگرامێکی جیاواز ئامادەیە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.

جێگری کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر هه‌روه‌ها گوتی: "لە ساڵانی رابردوو بۆچوون و تێڕوانین و ئەزموونی باشمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێکتەرە جیاوازەکان هەبووە، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی خۆراک و کشتوکاڵ. ئەم هەماهەنگیانە لە بەرزترین ئاستی حکومەتەوە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و خاوەنکار و بازرگانەکان تا جوتیارەکان بووە، ئامانج لێی باشترکردنی گرنگترین کەرتە لە هەرێمی کوردستان ئەویش کەرتی کشتوکاڵە، ئەم کەرتە دەتوانێت ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکات و دەرفەتی کار بڕەخسێنێت و ئاسایشی خۆراک بپارێزێت".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "زۆرجار گوێمان لێدەبێت عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای تێدا دەردەکەوێت، ئەمەش هێندەی دیکە گرنگی کەرتی کشتوکاڵ نیشاندەدات. باشترکردنی کوالێتی بەرهەم پێویستی بە خەڵکی شارەزا هەیە، ئێمە لە چەند ئاستێکی جیاواز لە چەندین پرۆگرام و ئەزموونی جیاوازمان راگەیاندووە، بۆ ئەوەش زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ پێبکەین و هەماهەنگی لەنێوان زانکۆکانماندا زیتر بکەین. هەماهەنگی نێوان کەرتی تایبەت و گشتی باشتر بکەین و پەیوەندی نێوان بازرگان و خاوەنکارەکانیش باشتر بکەین. ئەم بۆنەیەی ئەمڕۆش بۆ دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لەنێوان خاوەنکارەکاندا".

پێشتریش مارک روتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، تایبەت بۆ کوردستان24 ئاشکرای كردبوو، پەیوەندی بەهێزی سیاسی و ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا هه‌یه‌.