سەروەر هاواری: عێراق تەواوی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم رەوانە دەکات

سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 دڵنیایی ده‌داته‌ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی ئه‌مساڵیش ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری پارێزگاكانی هه‌رێم و لایه‌نی عێراقیش زامنی ئه‌وه‌یان كردووه‌‌.

سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەر لەو دۆخە داراییەی دوای یاسای بودجە هاتە ئاراوە پڕۆسەی ناردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەباشی بەڕێوەدەچوو، بەڵام دواتر پڕۆسەکە تاڕادەیەك خاوبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دەڵێت: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق و کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵەی عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە، هەروەها گوتیشی: ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی ئەمساڵی جووتیاران ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری پارێزگاكانی هه‌رێم و لایه‌نی عێراقیش زامنی ئه‌وه‌یان كردووه.

رۆژی 27ـی ئایاری 2023، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی 375 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕەیان زیادکرد و بڕیاردرا بەشێوەی کراوە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

هاوکات دوای سەردانەکە بڕەکە زیادکرا و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق بڕیاریدا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەربگرێت؛ بەم شێوەیە، نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و نرخی هەر تۆنێکیش 850 هەزار دینار دیاریکردبوو.