سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن: دەمەوێت رووبەڕوو کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور ببینم

فۆمیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن
فۆمیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن

K24 - هەولێر

فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بڕیاری خۆی بۆ دیداری کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور پشتڕاستکردەوە، دەشلێت: نزیکبوونەوەی ئەم دواییەی کۆریای باکوور لەگەڵ رووسیا ترسی لە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ دروستکردووە.

کیشیدا لە وتارەکەیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "سیاسەتی ژاپۆن بەرامبەر بە کۆریای باکوور نەگۆڕاوە، ژاپۆن دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکوور ئاسایی بکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئامانجی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ پێکەوە، دەمەوێت ئیرادەی خۆم دەرببڕم بۆ ئەوەی رووبەڕوو کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور ببینم، لە هەر کاتێکدا و بەبێ مەرج.

سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن روونیشکردەوە کە هەوڵدەدات کۆبوونەوە ئاست بەرزەکان رێکبخات لەژێر چاودێری ئەودا بۆ ئەوەی ئەم لوتکەیە بە خێرایی بەڕێوەبچێت.

چەند رۆژێک لەمەوبەر گوتەبێژی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، کیشیدا ئامادەیە چاوی بە کیم بکەوێت "بەبێ مەرجی پێشوەختە".

جونیچیرۆ کۆیزومی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن دووجار سەردانی کۆریای باکووری کردووە و لەوێ چاوی بە کیم جۆنگ ئیل، سەرۆکی کۆچکردووی کۆریای باکوور کەوتووە، کە دەکاتە باوکی سەرۆکی ئێستای کۆریای باکوور.

ماوەیەکی زۆرە پەیوەندییەکانی نێوان تۆکیۆ و پیۆنگ یانگ تێکچووە، ئەمەش دوای تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور لە ساڵی 2006دا زیاتر خراپتر بووە.