لە حەسەکە شەڕ لە نێوان سوپای سووریا و هێزێکی چەکدار روویدا

K24 - هەولێر

لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی روویدا و بەردەوامە. بەهۆی شەڕەکەوە دەیان خێزان ئاوارەبوون و دەوامی قوتابخانەکانیش وەستێندراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوێنێ شەوەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی، کە سەر بە سوپاکەیە، دەستیپێکردووە و بەردەوامە.

زۆرینەی سنووری پارێزگای حەسەکە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە دایە، تەنها ناوچەیەک نەبێت پێی دەگوترێت، "ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی"، لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە و شەڕ و پێکدادانەکە لەوێ روویداوە.

هەرچەندە دەگوترێت ژمارەیەک سەرباز و چەکدار لە هەردوولا کوژراو و برینداربوون، بەڵام تا ئێستا میدیای فەرمی سووریا و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ئامارێکی فەرمییان لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە. 

لەبارەی هۆکاری روودانی شەڕەکەش، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی چەند رۆژێکە حکومەتی سووریا هەوڵدەدات عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی بگۆڕێت، بەهۆی بوونی ناکۆکی لەگەڵ سەرۆکی عەشیرەتی جبوور، بەڵام عەبدولقادر حەمۆ ئەو چەندەی رەتکردووەتەوە و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان روویداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، دەیان خێزانی نیشتەجێی گەڕەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و روویان لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە کردووە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، هەر بەوهۆیەوە دەرگای قوتابخانەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا داخراون و دەوامی قوتابیان بۆ کاتێکی نادیار وەستێندراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە،  رۆژی سێشەممە، 15ـی ئابی 2023، لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ و ئاڵۆزیی لەنێوان هەمان گرووپە چەکدارییەکە و هۆزی جبوور دروستبوو و بەهۆیەوە زیاتر لە چوار کەس برینداربوون. ئەوکات هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی لەلایەن هۆزی جبوورەوە تۆمەتبارکراون بە ئەشکەنجەدانی سەرۆکی ئەو هۆزە.

 پێشتر هەواڵی جێهێشتنی ناوچەکە لەلایەن فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی بڵاوبووەوە، بەڵام دواتر نووسینگەی راگەیاندنی باکووری رۆژهەڵاتی سووریای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رەتیکردەوە عەبدولقادر حەمۆ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی، ناوچەکەی جێهێشتبێت.