حكومەتی سوریا ئابلۆقەی حەلەب توندتر دەكات

چەندین رێڕەو بۆ چوڵكردنی شار لە دانیشتوانانی دەكاتەوە

K24 – ھەولێر

ھێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا ئابلۆقەی سەر شاری حەلەب توندتر دەكەن و پارێزگاری حەلەبیش باس لە كردنەوەی سێ رێڕەو بۆ رزگاركردنی دانیشتوانی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەكات.

250 ھەزار كەس لە ناوچەكانی رۆژھەڵاتی شاری حەلەب لە ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەژین، كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەری ئابلۆقەی ھیزەكانی حكومەت.

كەناڵی فەرمی سوریا لە سەر زاری پارێزگاری حەلەب راگەیاند سێ رێڕەو بۆ دەرچوونی ھاووڵاتیان لە شاری حەلەب كراوەتەوە.

 بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، لێبوردن بۆ ئەو چەكدارانە دەركرد كە بۆ ماوەی سێ مانگە لە ژێر ئابلۆقەدان.

وەزیری بەرگری روسیا سێرگی شۆیگو رایگەیاند چوارەمین رێڕەو بۆ چەكداران لە باكووری حەلەب لە نزیك رێگەی كاستێلۆ دەكرێتەوە، كە ھێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا لە ماوەكانی رابردوو دەستی بە سەر تاكە رێگەی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن گرت.

وەزیری بەرگری روسیا ھەروەھا بەناوی سەرۆكی فیدراسیۆنی روسیا، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی یارمەتیی مرۆیی بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكومەتی سوریا بۆ یارمەتیدانی دانیشتوانانی حەلەب راگەیاند.