وادەی ناردنی 700 ملیار دینارەکەی مووچەخۆران راگەیەندرا

K24 – هەولێر

بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بڕی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە دوو قۆناغ رەوانە بکرێت و لەگەڵ گەیشتنی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بریار وایە هەتا یەکشەممە بە دوو قۆناغ بڕی 700 ملیار دیناری قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و لەسەرفەرمانی سەرۆک وەزیران لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بەزووترین کات مووچە دابەشدەکریت".

لە کۆبوونەوەی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین لقی هەولێر، وەک قەرز رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند: "سەبارەت بەو 700 ملیار دینارەی کە بڕیارە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی تەممووز تەرخاندەکرێت".

ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە دێت رۆژی 14ی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە.