16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک دەستیپێکرد؛ "هەنگوین و سێوی کوردستان هەناردە دەکرێن"

بەشێک لە بەرهەمی ترێ و هەنگوین کە لە 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک نمایشکر (وێنە: حوسێن سەعید - کوردستان24)
بەشێک لە بەرهەمی ترێ و هەنگوین کە لە 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک نمایشکر (وێنە: حوسێن سەعید - کوردستان24)

K24 - هەولێر

بە بەشداری دەیان جووتیار، 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک دەستیپێکرد. جووتیاران ئاماژە بەوە دەدەن، سوودی زۆریان لە فێستیڤاڵەکە بینیوە و داوا دەکەن حکومەت کار بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان بکات. بە گوتەی پارێزگاری دهۆک و بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکەش، ئێستا کار بۆ هەناردەکردنی سێو و هەنگوینی کوردستان دەکرێت.  

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە گۆڕەپانی فامیلی مۆڵی دهۆک دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت؛ تێیدا 40 جووتیار (20 هەنگەوان و 20 رەزەوان) بەروبوومەکانیان نمایش دەکەن.

 

 

لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین جۆر هەنگوینی خۆماڵی و زیاتر لە 50 جۆر ترێی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک نمایش دەکرێن؛ هاوکات ئەو بەرهەمانەی لە جۆرە جیاوازەکانی ترێ بەرهەمدەهێندرێن، لەوانەش، مێوژ، سرکە، شەربەت و دۆشاو نمایش دەکرێن.

حوسێن عەلی، یەکێکە لەو جووتیارانەی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەمڕۆ 10 جۆرە ترێم لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکردووە، لەگەڵ هەر جۆرە ترێیەک، مێوژەکەشیم پیشانداوە. هاوکات دۆشاو و شەربەتی ترێشم هێناوە کە سەدا 100 خۆماڵییە. باخەکەم زۆری جۆری دیکەی ترێی تێدا بەرهەم هاتبوو، بەڵام کاتەکەیان بەسەرچووە و نەماون، بۆیە نەمتوانی ئەمڕۆ پیشانیان بدەم، ئەگەر فێستیڤاڵەکە زووتر ئەنجامدرابایە، دەمتوانی ئەوانیش نمایش بکەم".

"هەناردەکردنی سێوی کوردستان لە قۆناغی کۆتاییدایە"

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، بە کوردستان24ـی گوت، "ئامانج لە فێستیڤاڵەکە پیشاندانی بەروبوومی جووتیارانی سنووری دهۆک و پارێزگاکانی دیکە هەرێمی کوردستان و، بە بازاڕکردنیانە. لە رێگەی فێستیڤاڵەکەوە جووتیارانی دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان یەکدی دەناسن و زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. ئێمە ساڵانە بانگهێشتی جووتیارانی پارێزگاکانی دیکە دەکەین بۆ ئەوەی بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن".

وەکو ئەحمەد جەمیل ئاماژەی پێ دا، "ساڵانە زیاتر لە 125 جۆری ترێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم دەهێندرێن؛ لەوانەیە هەر هەموویان بەرهەمی زۆر باشیان نەبێت، بەڵام زیاتر لە 50 جۆر ترێ بەرهەمیان زۆر باشە و دەیان تۆن لێیان بەرهەم دەهێندرێن کە کواڵێتییان زۆر باشە."

 

بەشێک لەو ترێیەی لە 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک نمایشکراوە (وێنە: حوسێن سەعید - کوردستان24)

 

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باسی لەوەش کرد، کارگەیەکیان بۆ بە پیشەسازیکردنی هەموو جۆرەکانی ترێ لە سنووری پارێزگاکە دروستکردووە و کەرستەکانی دابینکراون، تەنها ئەوە ماوە بکرێتەوە. گوتیشی، "جووتیارانمان سوودێکی زۆر لە کارگەکە دەبینن و ئامانجمانە بەرهەماکانیان لە بازاڕەکاندا ساخ بکەینەوە".

ئەحمەد جەمیل ئەوەشی خستەڕوو: "ترێی دهۆک و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان رۆژانە رەوانەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت و نرخەکەی بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشترە. ئێستا کار بۆ هەناردەکردنی هەنگوین و سێوی کوردستان بۆ دەرەوە دەکەین و، دەتوانم بڵێم هەناردەکردنی سێوی کوردستان لە قۆناغی کۆتاییدایە."

پارێزگاری دهۆک: کواڵێتی هەنگوینی کوردستان لە هی هەموو جیهان بەرزترە

هەر لەمیانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "سەرۆک بارزانی لە سەردانی ئەم دواییەیدا بۆ دەڤەری بادینان داوای کرد زیاتر گرنگی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بدەین، چونکە سروشتی کوردستان رێگەمان پێ دەدات لە رووی کشتوکاڵەوە زیاتر بەرەوپێش بچین. هاوکات لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمساڵیش بڕیارماندا فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوەبچێت".

 

 

پارێزگاری دهۆک ئاشکراشیکرد، "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوزیرانی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام لەگەڵمان لەسەر هێڵە، کار بۆ هەناردەکردنی هەنگوینی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات کراوە. نامەوێت پێش رووداوەکان بکەوم، بەڵام ئینشائەڵڵا لەکاتێکی نزیکدا هەنگوین هەناردەی دەرەوە دەکەین. پێش ئێستاش هەنگوینی کوردستانمان لە بەریتانیا، ئەمەریکا و چەند وڵاتی دیکە بینیوە؛ خواستێکی زۆری لەسەرە و کواڵێتییەکەی لە هی هەموو وڵاتان باشترە".

 

بەشێک لەو هەنگوینەی لە 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک نمایشکراوە (وێنە: حوسێن سەعید - کوردستان24)

 

لەبارەی ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانیش، عەلی تەتەر گوتی، "یەکێک لە نوێترین کارگەکانی دروستکردنی ئاوی میوە و دۆشاوی تەماتەمان لە ناوچەی 'گرێگەورێ' دروستکردووە و لەم رۆژانەدا دەیکەینەوە. لە شوێنەکانی دیکەش کار بۆ دروستکردنی کارگەی مودێرن دکەین. هاوکات چەندین کۆگا و ساردکەرەوەمان بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیاران دروستکردوون".  

لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "چەند هەفتەیەک پێش ئێستا فێستیڤاڵێکی بەرهەمە خۆماڵییەکانمان لە ئاکرێ کردەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا فێستیڤاڵێکی هاوشێوە لە ئامێدەی دەکرێتەوە و دواتریش لە دەڤەری بەرواری باڵا. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیمانە، کواڵێتیی بەرهەمە خۆماڵییەکانمان زۆر بەرزە و دەتوانێت پێشبڕکێی بەرهەمە جیهانییەکان بکات؛ هەنگوینەکەمان لە باشترین جۆری هەنگوینی جیهانە، بۆیە پێویستە زیاتر گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت".

جووتیاران داوا دەکەن ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بەردەوامییان هەبێت

مەریەم عەلی، هەنگەوانێکی ئافرەتە و بۆ جاری یەکەم بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، دەڵێت، "هەنگوینەکەم خۆماڵییە و هی چیای مەتینە. زیاتر لە 10 ساڵە کاری هەنگەوانی دەکەم؛ ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ئێمە باشن بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەیانەوە بەروبوومەکانمان ساخ بکەینەوە".

 

محەممەد سەلیم بەربهاری، یەکێکە لە جووتیارە نموونەییەکانی پارێزگای دهۆک
محەممەد سەلیم بەربهاری، یەکێکە لە جووتیارە نموونەییەکانی پارێزگای دهۆک (وێنە: حوسێن سەعید - کوردستان24)

 

محەممەد سەلیم بەربهاری، یەکێکە لە جووتیارە نموونەییەکانی پارێزگای دهۆک؛ ساڵی رابردوو لەکاتی بەشداریکردنی لە 15ــەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین، داوای لە سەرۆک بارزانی کرد، بە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڵێت، هاوردەکردنی بەرهەمەکانی وەک ترێ، سێ و چەندێکی دیکە لە دەرەوە قەدەغە بکات. رۆژێک دواتر سەرۆکی حکومەت سەردانی باخی ئەو جووتیارەی کرد و، بەڵێنی پێدا هەموو شتێک بکات بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەماکانیان.

 

 

محەممەد سەلیم بەربهاری کە ئەمساڵیش بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ باخەکەم، گۆڕانکاری روویداوە و بەردەوامە. ئەو جۆرە ترێیانەی ئەمڕۆ پیشانمان داون، لە بازاڕدا خواستی زۆریان لەسەرە و ساڵانە دەیان تۆن لێیان بەرهەم دەهێندرێت".

 

محەممەد سەلیم بەربهاری، یەکێکە لە جووتیارە نموونەییەکانی پارێزگای دهۆک
بەشێک لەو ترێیەی لە 16ـەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک نمایشکراوە (وێنە: حوسێن سەعید - کوردستان24)

 

مەعروف مەجید، جووتیارێکە لە پارێزگای سلێمانییەوە سەردانی دهۆکی کردووە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە و ئاماژە بەوە دەدات: "کردنەوەی ئەم پێشانگایانە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان یان لەسەر ئاستی پارێزگاکان، ئەوە دەردەخات هەر ناوچەیەک بە چی دەوڵەمەندە؛ ئەوەی ئەمڕۆ من لە پارێزگای دهۆک بینیم، بە تایبەتی بە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەرییەوە، جوانترین میوەی خۆماڵیمان هەیە. پیشاندانی بەرهەمی جووتیاران، لەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا ئاشناکردنیانە بە شوێنەکانی دیکە".

جووتیارەکەی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "پێشنیاز دەکەم، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بکرێنەوە. لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین جووتیاری دیکەم ناسی، گرنگییەکەی لەوەدایە هەر جووتیارێک تایبەتمەندییەکی هەیە؛ بۆ نموونە جووتیار هەیە، تەنها گرنگی بە ترێ دەدات یان یەکێکی دیکە بە هەنگوین، واتا هەر یەکەیان تایبەتمەندییەکی هەیە".