وەزارەتی بازرگانی: نابێت کۆمپانیاکان جیاوازی بکەن لە پێدانی مووچەی کرێکارانی ناوخۆ و بیانی

کرێکارێک لەکاتی کارکردن
کرێکارێک لەکاتی کارکردن

K24 - هەولێر

­­بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی رایدەگەیەنێت، پێویستە سەدا 75ـی کرێکارانی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ناوخۆیی بن و نابێت جیاوازی بکرێت لە نێوان کرێکارانی بیانی و ناخۆیی لە رووی پێدانی مووچە و کاتی کارکردن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران، کە لە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێکهاتووە، کۆبووەوە.

لەوبارەوە، بڵند مەم، بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "مەبەست لەم زنجیرە کۆبوونەوانە بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە دەرکراوە بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکارانی ناوخۆ. تا ئێستا زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگارانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام داوە".

بڕیارەکە لە چەند بڕگەیەک پێکدێت؛ یەکەمیان، هیچ کرێکارێکی بیانی ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی کار لە هەرێمی کوردستان کاربکات. دووەمیان، چەسپاندنی رێژەی سەدا 75ـی کارکردنی کرێکاری ناوخۆ کە لە هەموو ئەو پڕۆژە و کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.  

لیژنەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان باسی کرد، تاوتوێی رێکخستنەوەی ئەو ئاوارانەی کردووە کە لە هەرێمی کوردستانی کاردەکەن و، دەڵێت، "پێویستە رێکبخرێن و بناسێندرێن".

بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە پێویستی دەزانێت "سەرجەم کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان پابەندی بڕیارەکەی 172 ـی ئەنجوومەنی وەزیران بن و نابێت جیاوازی بکرێت لە نێوان کرێکاری ناوخۆیی و بیانی لە رووی پێدانی مووچە و کاتی کارکردن".

بە گوتەی بڵند مەم، "کەمبوونەوە و گرتنەوەی ئاو لەلایەن وەڵاتانی ناوچەکە، وایکردووە ژمارەیەکی زۆری گەنج و جووتیارانی گوندنشین بێ کار ببن و روو لە سەنتەری شارەکان بکەن بۆ ئەوەی کار پەیدا بکەن، ئەمەش هێزی کاری لە هەرێمی کوردستان زیاترکردووە".

بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئەوەشی خستەڕوو: "لەبەر ئەوەی هاووڵاتییانی بیانی و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە رێکنەخراونەتەوە، زۆرینەی زۆریان شوێنی کاری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیان گرتووەتەوە".

ناوبراو هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی هێزی کار بۆ "نەناردنی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، بەوهۆیەوە "فەرمانبەرانی حکومەت ناچاربوون روو لە کاری دیکە بکەن؛ زۆرینەیان ئێواران دەوامێکی دیکە دەکەن و شوێنی کرێکارانی ناوخۆیان گرتووەتەوە."