وەزارەتی پەروەردە بڕیارێك لەبارەی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی قوتابییان دەردەکات

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، شۆفێرانی پاس و تەکسی کە گواستنەوەی منداڵانی باخچە و قوتابییان ئەنجامدەدەن، دەبێت ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، مۆڵەتی شۆفێری (کارتی زانیاری یان نیشتمانی) پێشکەش بە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بکەن، هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، هەر رەفتارێکی دوور لە رەوشتی بەرز و دابونەریتی کۆمەڵایەتی بەرامبەر هەر قوتابییەک ئەنجامبدرێت، جیا لە بەخێوەکەرەکانیان وەزارەتی پەروەردە سکاڵاکار دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد و بەڕێوەبەرایەتی گشت پەروەردەکانی هەرێمی کوردستانی ئاگەدارکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە، پێویستە لە گواستنەوەی قوتابیان بە پاس و تەکسی ئەم خاڵانە پەیڕەو بکرێت، یەکەمیان، شۆفێرانی پاس و تەکسی کە گواستنەوەی منداڵانی باخچە و قوتابییان ئەنجامدەدەن، دەبێت ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، مۆڵەتی شۆفێری (کارتی زانیاری یان نیشتمانی) پێشکەش بە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن بکەن.

لە خاڵی دووەمی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن دەبێت تەواوی دۆکۆمێنت و زانیارییەکانی کە لە خاڵی یەکەم باسی لێوەکراوە بدەنە بنکەی پۆلیسی سنوورەکەیان، هەروەها لە خاڵێکی دیکەدا دەڵێت، هەر شۆفێرێک پابەند نەبوو بە رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و سکاڵای لەسەر کرا، پاش ساغبوونەی راستییەکان، پێویستە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی(پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان) داوا بکات لە لیژنەی قایمقامییەت کە رێگەی پێنەدرێت کاری گواستنەوەی قوتابییان بکات.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشداوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا دەبێت هەماهەنگی بکات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سنوورەکەیان بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک بۆ پێدانی رێنوێنی و هۆشیاری بۆ شۆفێرانی گواستنەوەی قوتابیان رێکبخەن، کە شۆفێر پێویستە پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بێت، بە تایبەتر نابێت رێگە بدرێت قوتابییان دەستیان دەربهێنن لە جامی ئۆتۆمبێلەکان، دەنگی بەرزی تەسجیلی ئۆتۆمبێلەکانیان، رەفتار و پەیامی ناپەروەردەیی و نەگونجاو، هەروەها پێویستە شۆفێران پابەندبن بە لێخوڕینی یاسایی دیاریکراو لەسەر شەقامەکان چونکە دەبێت لە هەموو کات زیاتر بزانن کە گواستنەوەی قوتابییان بەرپرسیاریەتییەکی هەستیارە و بەخێوکەرانیان لەگەڵ نییە.

هاوکات خاڵێکی دیکەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە باس لەوە دەکات، هەر رەفتارێکی دوور لە رەوشتی بەرز و دابونەریتی کۆمەڵایەتی بەرامبەر هەر قوتابییەک ئەنجامبدرێت، جیا لە بەخێوەکەرەکانیان وەزارەتی پەروەردە سکاڵاکار دەبێت، دەشڵێت: پێویستە نوێنەر و بریکارە یاساییەکانی وەزیری پەروەردە لە هەر حاڵەتێکی لەو جۆرە کەمتەرخەمی نەنوێنن و راستەوخۆ داوای یاسایی تۆمار بکەن.

وەزارەتی پەروەردە جەجت لەوەش دەکاتەوە، شۆفێرانی پاس و تەکسی گواستنەوەی قوتابییان نابێت بارگرانی لەسەر خانەوادەی قوتابییان دروست بکەن ئەگەر کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن داواکارییان لێبکەن بڕە پارەیەک بدەنە کارگێڕی ناوەندەکانی خوێندن، هاوکات دەڵێت: هەر زانیارییەک بگاتە وەزارەت لەو بارەیەوە راستەوخۆ دەدرێتە لیژنەی بەدواداچوون یان لێکۆڵینەوە پاشان بەرامبەر هەردوولایان رێکاری یاسایی پێویستە دەگیرێتەبەر.

لە خاڵێکی دیکەی بڕیارەکەدا وەزارەتی پەروەردە، باس لەوە کراوە، سەرپێچی رێنماییەکانی هاتووچۆییە ئەگەر پاسێک یان تەکسییەک زیاد لە ژمارەی رێگەپێدراو قوتابییان بگوازێتەوە، داوا دەکەین لایەنی پەیوەندیدار رێوشوێنی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.

وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، لە حاڵەتی بوونی سکاڵا لەسەر هەر سەرپێچییەک دەتواندرێت نامە بنێدرێت لە رێگای وەتساپ و ڤایبەرەوە بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی وەزارەتی پەروەردە بە ژمارەکانی (07505103232) و (07505106262).

ف
ت