فه‌وزی هه‌ریری: واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان جێگیركراوه‌

K24 - هەولێر:

فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ك واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه‌، جێگیركراوه‌.

هه‌ریری گوتیشی: ئێستا كۆمیسیۆن ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كان كردووه‌ و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، له‌ ئێستادا هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی له‌ ئارادا نییه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ كۆكن.

فه‌وزی هه‌ریری هه‌روه‌ها گوتی:  "بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆمیسیۆنی ده‌ستی به‌ ئاماده‌كارییه‌كان كردووه و هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی له‌ ئارادا نییه‌".

هه‌ریری گوتیشی: "كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاماده‌كارییه‌كان ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "هه‌ڵبژاردن بۆ پشتگیریكردن له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته‌".

رۆژی 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.

دواى ئەوەى تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات، رۆژی 9ـی تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمی پەسندکرد. دواتر رۆژی 22ى ئایارى 2023 پەرلەمانی کوردستان بڕیارى کاراکردنەوەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانی دا، بەڵام دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق ئەو کاراکردنەوەیەشی بە "نایاسایی" ناساند.