وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان: 90 پێگەی سەربازیی ئەرمينیامان کۆنتڕۆڵکردووە

ئانار ئەیڤازۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان
ئانار ئەیڤازۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان

K24 - هەولێر

ئانار ئەیڤازۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆری سوپای وڵاتەکەی لە قەرەباغ کە بە خۆڕادەستکردنی ئەرمەنییەکان بە هێزەکانی ئازەربایجان کۆتایی پێهات، بۆ میدیاکان ئاشکرا کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی ئەرمینیا سەنگەرەکانیان جێهێشتووە و زیاتر لە 90 پێگەی سەربازیی ئەرمینیا لە ناوچەی قەرەباغ کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئازەربایجان و هاوکات حەوت ئۆتۆمبێلی سەربازیی، چوار هاوەن، یەک تانک و دوو زرێپۆش لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر کە ئازەربایجان بۆ دامەزراندنی پێکهاتەیەکی دەستووری لە قەرەباغ دەستی پێکردبوو

کردەوەکانی ئەرمینیا بە تایبەتی دوای شەڕی دووەمی قەرەباغ کە 44 ڕۆژی خایاند، بووە هۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکان. لەم دواییانەدا کۆمەڵێک کردەوەی بێزارکەرانەی ئەرمینیا وەک نزیکبوونەوەیان لە پێگە سەربازییەکانی سوپای ئازەربایجان، هەڵکەندنی خەندەق بۆ پاراستنی پێگەکانیان، کردەوەی جۆراوجۆری دیکە، دەبیندران.

گرووپە چەکدارەکانی ئەرمینیا لە چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام تەقەیان لە پێگەکانی سوپای ئازەربایجان دەکرد و هاوکاتیش لە ناوچەکە سەرقاڵی دانانەوە مین بوون.

ئەوە لە کاتێکدا بوو کە خواستی ئازەربایجانیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی "هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی" کە لە 9ی ئەیلولدا لە خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئەرمینیا بەڕێوەچوو، زیاتر پەرەی بە گرژییەکان دا.

19ی ئەیلوول لەسەر ڕێگەی خێرای ئەحمەدبەیلی-فوزولی-شوشا، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی چێنراو دوو کارمەندی ئازەربایجانی کوژران.

لە هەمان شوێنی ڕووداوەکە کە دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیس ڕەوانە کرابوون، چوار پۆلیس کوژران. دواتر بە هۆی ئەو ڕووداوانەوە ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆری بۆ دامەزراندنی پێکهاتەیەکی دەستووری لە قەرەباغ دەستی پێکرد.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە نزیکەی 24 کاتژمێری خایاند، گرووپە چەکدارە ئەرمەنییەکان چەکەکانیان دانا و بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان ڕێککەوتن کرا.