ئیبراهیم رەئیسی: ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ پشکنینی شوێنە ئەتۆمییەکاندا نییە

ئیبراهیم رەئیسی، لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئیبراهیم رەئیسی، لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - هەولێر

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ پشکنینی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نییە، ئەم لێدوانەی رەئیسی، دوای چەند رۆژێک لە بڕیارەکەی تاران دێت بۆ دوورخستنەوەی ژمارەیەک پشکنەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەو وڵاتە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی 78ەمین کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: ئێمە کێشەمان لەگەڵ پشکنینەکاندا نییە، بەڵام کێشەکە لە هەندێک پشکنەردایە، هەروەها سەبارەت بەو پشکنەرانەی کە جێی متمانەن، دەتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان لە ئێراندا.

ئەم هەنگاوەی ئێران دوای ئەوە هات کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لە دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، داوایان لە تاران کرد دەستبەجێ هاوکاری ئاژانسەکە بکات سەبارەت بە چەند بابەتێک لەوانەش، روونکردنەوە لەسەر بوونی ئاسەوارەکانی یۆرانیۆم کە لە شوێنە رانەگەیەندراوەکاندا دۆزراوەتەوە.

رەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: بڕیارەکەی تاران لە وەڵامی هەندێک لێدوانی نادادپەروەرانەی ئەندامانی رۆژئاوای ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا هات.

رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئەو هەنگاوەی ئێرانی ئیدانە کرد و بە نەگونجاو وەسفی کرد.

ئەو هەنگاوەی تاران کە بە لابردنی پشکنەران ناسراوە، رێگەپێدراوە، چونکە وڵاتانی ئەندام دەتوانن بە گشتی ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە سەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان لەلایەن هەندێک پشکنەرەوە بەپێی پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی و رێککەوتنی پارێزبەندی تایبەت بە وڵاتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە پشکنینەکان رێکدەخات.