ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی زه‌هایمه‌ره‌

"زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی زەهایمەر لە جیهاندا هه‌یه‌"

K24 - هەولێر

زەهایمەر یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە باوەکانی سەدەی 21، لە رووی پزیشکییەوە کێشەیەکی ئاڵۆزه‌ و دووچاری مێشکە ده‌بێت. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، نەخۆشییەکە ئەگەر زوو دەستنیشان كرا، دەکرێت تووشبووه‌كه‌ قۆناغەکانی نەخۆشییەکە باشتر به‌ڕێ بكات.

بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی زەهایمەر لە جیهاندا هەن و لە هەر 3.2 چڕکەیه‌كیشدا تووشبوویەک گیان لەدەستدەدات.

21ـی ئەیلوولی، وەک رۆژی جیهانی زەهایمەر دەستنیشانکراوە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەردەمییەکانی جیهانی پزیشکی هاوچەرخ، ئەگەر نەخۆشییەکە زوو دەستنیشان بکرێت، دەکرێت نەخۆشەکە قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی نەخۆشییەکە باشتر تێپه‌ڕێنێت. بۆ یەکەمجار نەخۆشی زەهایمەر لە ساڵی 1906 پێناسە کراوە و لەلایەن دەرونناس و دکتۆری بەناوبانگ ئالۆیس زەهایمەر دۆزراوەتەوە.

 کەسی نەخۆش قۆناغ بە قۆناغ خانەکانی مێشکی دەمرێت و تووشی لەبیرچوونەوە دەبێتەوە، بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، زیاتر لە 55 ملیۆن نەخۆشی زەهایمەر لە جیهاندا هەن. هاوکات لە هەر 3.2 چڕکەیه‌كدا کەسێک بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی زەهایمەر گیان لەدەست دەدات، جیا لەوە ساڵانە نزیکەی 10 ملیۆن حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت.

زەهایمەر لە ریزبەندی هۆکارەکانی مردن لە جیهاندا لە پلەی حەفتەم دایە. هاوکات لە سەدا 60ـی تووشبووان نیشتەجێی وڵاتانی مامناوەند و هەژارن. زەهایمەر باوترین جۆری نەخۆشی تێچكوونی ئه‌ركه‌كانی مێشكه‌ و هیچ چارەسەرێکیشی نییە.

چەندین رێگای جیاواز هەن بۆ خۆ بە دوورگرتن لە زەهایمەر کە بریتین لە:

وەرزشکردن، خۆبەدوورگرتن لە جگەرە و ماددە کحولییەکان،هاوسەنگی کێش، خواردنی تەندروست، پەستانی خوێن، هاوسەنگکردنی کۆلیسترۆڵ و شەکرە.